یاریدەدەری سەرۆكی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی رووسیا داوا دەكات، بەرانبەر بە سزاكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانانی، دەبێ وەڵامی رژدمان هەبێت، بەجۆرێك ژیان لەلای رۆژئاواییەكان بكەینە مۆتەكە.
پێگەی "
شەفەق نیوز" ئەمڕۆ پێنجشەم 13ی حوزەیران بڵاوی كردووەتەوە، دیمێتری مدڤیدیڤ یاریدەدەری سەرۆكی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی رووسیا، داوای كردووە بەرانبەر بە سزاكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانانی لە رۆژئاوا بەرانبەر بە رووسیا، وەڵاممان بەجۆرێك بێ كە ژیان بۆ رۆژئاواییەكان بكەینە مۆتەكە و لە هەموو خزمەتگوزارییەكانیان بێبەش بكەین.
ئەو بەرپرسەی رووسیا لەڕێی تیلیگرامەوە زیاتر گوتی، رووسیا راهاتووە كە چۆن مامەڵە لەگەڵ سزاكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانانی بكات، بۆیە كاتی هاتووە وەڵامی كەمەرشكێنیان بدرێتەوە، چونكە ئەوان جەنگێكی تەواویان بەرانبەر بە رووسیا راگەیاندووە، بۆیە دەبێ وانەیەكی رژدیان پێ بدرێ بەرانبەر بەو زیانانەی بە رووسیایان گەیاندووە.
مدڤیدیڤ دووپات دەكاتەوە، لە ئاست ئەو زیانانەی ئەمەریكا و هاوپەیمانانی بە رووسیا و هاووڵاتییانیان گەیاندووە، دەبێ تەواوی كۆمپانیا و بریكارە حكوومییەكانیان ئیفلیج بكەین، بە جۆرێك بەرانبەریان نابێ بەزەیی بنوێنین، لە تەواوی بوارەكانی وزە و پیشەسازی و خزمەتگوزایی بانكی و كۆمەڵایەتییەكانیان بدەین و زیانیان پێ بگەیەنین. وەك ئەوەی پێگەی "رووسیای ئەمڕۆ" بڵاوی كردووەتەوە.
ئەو بەرپرسە باڵایەی رووسیا ئاماژەی دا كە وەڵامەكەی رووسیا بۆ ئەمەریكا و هاوپەیمانانی، زیانی زۆر بە ئابووری رۆژئاوا و دامەزراوەكانی و سەرۆكەكانیان دەگەیەنێت، هاوكان زیان بە خۆشگوزەرانیی هاووڵاتییانی رۆژئاوایش دەگەیەنێت بە جۆرێك بڕوایان بە دواڕۆژ نەمێنێت.
دواتریش نووسیویەتی، لێگەڕێن با ژیانیان بكەینە شێتییەكی تەواو و بیكەینە مۆتەكە، بڕوای تەواویشم بەو پەندە پێشینەیە هەیە كە دەڵێ "چاو بە چاو".
جەنگی رووسیا لە دژی ئۆكراینا كە لە 24ی شوباتی 2022 دەستی پێ كرد، بەهۆیەوە هەزاران كوژراو و برینداری لە هەردوولا لێ كەوتووەتەوە، بەهۆیەوە ملیۆنان ئۆكراینیش ئاوارە بوون و شوێنەكانیان بەرەو وڵاتانی ئەوروپا جێهێشتووە. هاوكات ئەمەریكا و وڵاتانی رۆژئاوا سزای ئابووریی توندیان بەسەر رووسیادا سەپاندووە و لە هەمان كاتیشدا بە چەك و كەلوپەلی سەربازی و دارایی، پاڵپشتیی ئۆكراینا دەكەن.