دەزگای هەواڵگری سەر بە پۆلیسی ئێران گیرانی سیخوڕێكی لە شاری قومی وڵاتەكە راگەیاند كە لە بەرژەوەندیی دەزگای هەواڵگریی مۆسادی ئیسرائیلی كاری كردووە. بەپێی راگەیەنراوی پۆلیسی ئێران، سیخوڕەكە دوای گیان لە دەستدانی سەرۆكی ئێران بەهۆی كەوتنە خوارەوەی فڕۆكەكەی، خەڵكی هانداوە بۆ كاری ئاژاوەگێڕی.
ئەمڕۆ پێنجشەم 13ی حوزەیرانی 2024، دەزگای هەواڵگریی پۆلیسی ئێران راگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە، لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، هێزەكانیان توانیویانە یەكێك لە ئەندامانی مۆسادی ئیسرائیل لە شاری قوم دەستبەسەر بكەن و بیگرن.
راگەیەنراوەكە ئاماژەی داوە، دوای گیان لە دەستدانی ئیبراهیم رەئیسی و تیمەكەی لەگەڵی لە ئەنجامی كەوتنەخوارەوەی كۆپتەرەكەیاندا، كاری ئەم سیخووڕە بریتی بووە لە هاندان بۆ ئاژاوەگێڕی و كاری بۆ ئەم مەبەستەى کردووە.
لە راگەیەنراوەكە زیاتر هاتووە، سیخوڕە ئیسرائیلییەكە ناوی حەسەن فەقێ بووە و پێشتریش پێشینەی تاوانی هەبووە لە چەندان پیلانی ئاژاوەگێڕی، چەندان توویتی كردووە دژی سەرۆكی وڵات و بەرپرسانی تر.
راگەیەنراوەكە روونی كردووەتەوە، دوای رێكارە یاساییەكان و دەستكەوتنی زانیاریی هەواڵگری، توانرا بەڵگەنامەی پێویست دەستبخرێت كە پێوەندی ئەم كەسە دەسەلمێنێت بە مۆسادی ئیسرائیلییەوە و لە ئێستەیشدا كەیسەكەی رەوانەی دادگا كراوە و هێشتا لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.
جێگەی ئاماژەیە، پێنجی ئەم مانگەیش سوپای پاسدارانی ئێران گیرانی سیخوڕێكی تری دەزگای مۆسادی ئیسرائیلیی لە پارێزگای ئەردەبیل راگەیاند.