ئەمەریكا یەك ملیۆن دۆلار بۆ نۆژەنكردنەوەی مەزارگەیەكی كوردستان تەرخان دەكات

:: PM:07:06:13/06/2024 ‌
كونسوڵگەی ئەمەریكا لە هەولێر بڵاوی كردەوە، باڵوێزخانەى ئەمەریكا لە بەغدا، بڕی یەك ملیۆن دۆلاری تەرخان كردووە بۆ نۆژەنكردنەوەی مەزارگەی "ناحووم" كە شوێنێكی دەوڵەمەندی گرنگی خاوەن پێگەی كولتوورییە بۆ جووەكان، كریستیانەكان و مسوڵمانەكان. 

ئەمڕۆ پێنجشەم 13ی حوزەیرانی 2024، كونسوڵگەی ئەمەریكا لە هەولێر بڵاوی كردووەتەوە، پامێلا ھاک كونسوڵگەری گشتی بەوەکالەت سەردانی چەندان شوێنی کولتووریی گرنگی ھەرێمی کوردستانی کرد، لەوانە مەزارگەی ناحووم کە شوێنێکی دەوڵەمەندی گرنگی خاوەن پێگەی کولتوورییە بۆ جووەکان، کریستییانەکان و موسوڵمانەکان.

كونسوڵگەی ئەمەریكا ئاشكرای كردووە، باڵوێزخانەى ئەمەریکا لە بەغدا یەک ملیۆن دۆلاری بۆ نۆژەنکردنەوەی مەزارگەکە تەرخانکرد بۆ ھاوکاریکردنی پاراستنی مێژوو و بوژاندنەوەی ئابووری خۆجێیی و ھێنانی گەشتیار بۆ دەڤەرەکە. 


گۆڕی پێغەمبەر ناحووم، دەکەوێتە ناو بەشی باکوری شارۆکەی ئەلقۆش لە هەرێمی کوردستان، شارەدێی ئەلقۆش، لە ڕووی کارگێڕی سەر بە شارۆکەی تلکێفە لە پارێزگای مووسڵ. 46 کم لە ناوەندی شاری مووسڵ و 40 کم لە دهۆک و 140 کم لە هەولێر دوورە.

دانیشتوانی شارەدێی ئەلقۆش سەرجەمیان کریستیانن، چەند شۆێنێکی شۆێنەواری و ئاینیی گرنگی لێیە. کە یەکێک لەو شوێنەوارە ئاینییانە، گۆڕ و ئارامگەی پێغەمبەر ناحوومە.


وشە - پۆڵا مەحموود