عێراق لە كوشتنی رۆژنامەنووسان پلەی یەكەمی لە دنیادا هەیە

:: AM:09:16:15/06/2024 ‌
بەرپرسێكی عێراق رای گەیاند، لە كوژرانی رۆژنامەنووساندا عێراق پلەی یەكەمی لە دنیا هەیە، لە ماوەی سێ‌ ساڵی رابردووش زۆرترین پێشێلكاریی تێدا تۆمار كراوە.

ئەمڕۆ شەموو 15ـی حوزەیران، فازڵ غەراوی سەرۆكی ناوەندی ستراتیجی مافەكانی مرۆڤ لە عێراق رای گەیاند، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا سەتان پێشێلكاریی دژ بە ڕۆژنامەنووسان كراوە.

ئاماژەی بەوەش كرد، پێشێلكارییەكان جیاوازن، لەوانە دەركردنی ئارەزوومەندانە، لێپێچینەوەی دادوەری، تۆقاندن، ڕێگریكردن لە وێنەگرتن، شكاندنی ئامێرەكان و چەندانی تر.

باسی لەوەش كردووە، لە پێشێلكارییەكاندا عێراق لە ساڵی 2024، لە ڕیزبەندی 169یەمین لە دنیا و 12یەمین لە وڵاتانی عەرەبیدایە لە كۆی 180 وڵات لە ساڵی 2024، هەروەها بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە دوو پلە دابەزیوە، كە تێیدا ڕیزبەندییەكەی لە پلەی 167ی دنیادا بوو، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی عێراق لە ئاستی دنیادا پلەی 169ی بەدەست هێناوە.

بە گوتەی غەراوی، عێراق لە پلەی یەكەمی دنیادایە لە ژمارەی كوژرانی رۆژنامەنووسان كە ژمارەیان 470 رۆژنامەنووسە.

غەراوی داوای لە حكوومەت كرد بەبۆنەی ڕۆژی نیشتمانیی ئازادیی ڕۆژنامەگەرییەوە، ژینگەی كاری ڕۆژنامەوانی بەهێزتر بكات، ئازادیی ڕۆژنامەگەری مسۆگەر بكات، ڕۆژنامەنووسان بپارێزێت، ستراتیجی نیشتمانی بۆ ئازادیی ڕۆژنامەگەری مسۆگەر بكات.



وشە - رامیار جەواد