ژماره‌یه‌ك له چالاكانی كۆیه، هه‌ڵمه‌تێكیان ده‌ست پێ كردووه بۆ ئه‌وه‌ی كۆپته‌ری فریاگوزاری بۆ خه‌ڵكی شاره‌كه‌یان دابین بكرێت، به‌تایبه‌ت بۆ گواستنه‌وه‌ی نه‌خۆش له كۆیه‌وه بۆ هه‌ولێر.
ئه‌و داواكارییه‌ی خه‌ڵكی كۆیه دوا به‌دوای ئه‌وه هاتووه كه به‌هۆی زۆربوونی تانكه‌ره‌كان له رێیه‌كه‌دا، رێی كۆیه بۆ هه‌ولێر به ڕێی مه‌رگ ناو ده‌به‌ن.
ئه‌و چالاكانه له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك به‌یاننامه‌یه‌كیان بڵاو كردووه‌ته‌وه و ده‌ڵێن، دوای بێ ئومێدبوونیان له ئیداره‌ی شاره‌كه كه ناتوانێ چاره‌سه‌ری تانكه‌ره‌كان بكات، ئێسته‌یش رێی كۆیه بۆ هه‌ولێر به ته‌واوی بووه به رێی مه‌رگ، بۆیه داوا ده‌كه‌ن كۆپته‌ری فریاگوزاری له نێوان كۆیه بۆ هه‌ولێر دابنرێ.
باس له‌وه‌یش ده‌كه‌ن كه ئه‌وان بوونه‌ته قوربانی خه‌ڵكی ناوچه‌كانی تری ده‌وروبه‌ری كۆیه كه رێ له تانكه‌ره‌كان ده‌گرن و ئیداره‌ی كۆیه‌یش هیچ چاره‌سه‌رێكی پێ ناكرێ.
دابینكردنی كۆپته‌ر بۆ كۆیه داواكارییه‌كی نوێی خه‌ڵكی شاره‌كه‌یه، پێشتر داوایان ده‌كرد رێیه‌كه‌یان بۆ به دووساید بكرێ، به‌ڵام ئێسته داواكارییه‌كه‌یان له‌وه‌یشدا نه‌ماوه‌ته‌وه و بووه به دابینكردنی كۆپته‌ر.