بۆ یه‌كه‌م جار حكوومه‌تی تاڵیبان عورفی شكاند و جه‌ژنی رۆژێك دره‌نگتر له كاتی خۆی راگه‌یاند، له كاتێكدا پێشتر له‌گه‌ڵ سعوودیه ده‌یكرده جه‌ژن.
زه‌بیحوڵا موجاهید گوته‌بێژی حكوومه‌تی تاڵیبان رای گه‌یاند، رۆژی یه‌كشه‌م 16ی حوزه‌یران رۆژی عه‌ره‌فه‌یه و دووشه‌م یه‌كه‌می رۆژی جه‌ژنی قوربانه.
ئه‌فغانستان پێشتر هاوشێوه‌ی سعوودیه جه‌ژنی قوربانی ده‌كرد و ئه‌و بڕیاره‌ی تاڵیبان به شتێكی نوێ هه‌ژمار ده‌كرێت.
به‌گوێره‌ی بی بی سی، به‌شێك له دانیشتووانی ئه‌فغانستان له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبووك، به توندی ره‌خنه‌یان له‌و بڕیاره‌ی تاڵیبان گرتووه و نووسیویانه ده‌بوو هه‌ر له‌گه‌ڵ سعوودیه جه‌ژن بكات.
ده‌ڵێت، بینینی مانگ له سعوودیه پێوه‌ر نییه بۆ ئه‌وه‌ی له ئه‌فغانستانیش بكرێته جه‌ژن
عه‌بدولڕه‌حیم ئه‌رشه‌د گوته‌بێژی دادگای باڵای حكوومه‌تی تاڵیبان، ڤیدیۆی وتاری ئیحسانوڵا ماتریدی له كه‌سایه‌تییه ئاینییه ناسراوه‌كانی ئه‌فغانستانی بڵاو كردووه‌ته‌وه كه ده‌ڵێت، بینینی مانگ له سعوودیه پێوه‌ر نییه بۆ ئه‌وه‌ی له ئه‌فغانستانیش بكرێته جه‌ژن، بۆیه دووشه‌م له ئه‌فغانستان یه‌كه‌م رۆژی جه‌ژنه.
جێی باسه عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عی شیعه‌ی عێراقیش دووشه‌می به یه‌كه‌م رۆژی جه‌ژن ده‌ستنیشان كردووه، پێده‌چێ ئێرانیش دووشه‌م بیكاته جه‌ژن و ئه‌مساڵ سوننه‌كانی ئه‌فغانستان له‌گه‌ڵ شیعه به‌یه‌كه‌وه جه‌ژن ده‌كه‌ن.