سبەی یەكەم رۆژی جەژنی قوربانە و پلەكانی گەرما لە عێراق روو لە هەڵكشانە، ئەوانە وایان كردووە گەشتیارێكی زۆر روو لە ناوچە گەشتیاری و بەرزاییەكانی هەرێمی كوردستان بكەن، بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوەزاری سلێمانی دووپاتی دەكاتەوە كە لە ماوەی سێ رۆژی رابردوو زیاتر لە 50 هەزار گەشتیار هاتوونەتە پارێزگاكە و پێشبینی زیاتریش دەكرێت.
ئارام شوانی، گوتەبێژ بە ناوی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سلێمانی رای گەیاند كە لە ماوەی سێ رۆژی رابردوو زیاتر لە 50 هەزار گەشتیار و سەردانیكار هاتوونەتە سنووری پارێزگای سلێمانی، كە 90%یان گەشتیاری ناوەڕاست و باشووری عێراقن، ئەوەش بەهۆی ئەو ئاسانكارییەی بۆ هاتن و مانەوەیان كراوە، ژمارەكە بە بەراورد بە ساڵی رابردوو زیاترە.
روونی كردەوە، لە پارێزگای سلێمانی جووڵەی بازاڕەكان پشتی بە جووڵەی گەشتیارییەوە بەستووە، پێشبینی كرد لە ماوەی پێنج رۆژی داهاتوو ژمارەی گەشتیاران بگاتە 100 هەزار، بۆ ئەو مەبەستەش بەڕێوەبەرایەتییەكەیان هەموو رێوشوێنەكانی بۆ پێشوازیكردن لەو گەشتیارانە وەرگرتووە و تیمەكان چەند رۆژێكە لە دەرەوازەكانی پارێزگاكەن و ئاسانكاری بۆ هاتنی گەشتیاران و رێنوێنییان دەكەن.
گوتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە تا ئێستە هیچ جۆرە كێشەیەك لە هاتنی گەشتیاران نییە و تیمە هاوبەشەكان لە رۆژانی جەژن چاودێریی شوێنە گەشتیاری و بازاڕەكان دەكەن بۆ ئاشنابوون بە نرخ و جۆری خزمەتگەزارییەكان، داواشی لە گەشتیاران كرد پابەندی یاساكانی هاتوچۆ و ئاسایش و رێنوێنییە حكوومەتییەكان بن بۆ پاراستنی سەلامەتیی خۆیان لە رۆژانی جەژندا.