ئەمەریكا سیاسەتی خۆی لە عێراق و ناوچەكە دەگۆڕێت.. بە نیازی چییە؟

:: PM:06:35:15/06/2024 ‌

لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوو میلیشیاكانی نزیك لە ئێران بە ئاشكرا و لەبەر چاوی هێزە تەناهییەكانی عێراق هێرش دەكەنە سەر چێشتخانە و كۆمپانیاكانی براندی ئەمەریكی، ئەوان پەیامێكی توندیان دایە حكوومەتی عێراق، بەوەی بۆ پاراستنی ناوبانگ و بنكە جەماوەرییەكەیان دەبێت شتێكیان بۆ بكرێت، ئەگینا ئاگربەست دەشكێنن و هێرش بۆ سەر ئەمەریكا دەست پێ دەكەنەوە، ئەمەریكاش بەنیازە سیاسەتەكانی لە عێراق بگۆڕێ و بۆ ئەو مەبەستەش باڵوێزێكی نوێ دامەزرێنێت.

تریسی جاكۆبسۆن، كاندیدی جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا بۆ پۆستی باڵوێزی ئەو وڵاتە لە عێراق لە شوێنی ئەلینا رۆمانۆوسكی، لە یەكەم وتاری لەبەردەم لیژنەی پێوەندییەكانی دەرەوە لە كۆنگرێسی ئەمەریكی رای گەیاند كە كار بۆ پاراستن و بەهێزكردنی  بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا و رووبەڕووبوونەوەی دەسەڵات و دەسترۆیشتوویی میلیشیاكان دەكات. 

جاكۆبسۆن، كە خاوەنی ئەزموونی زیاتر لە 30 ساڵە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، ئەوەشی گوت كە لەگەڵ لیژنەكە كار بۆ بەهێزكردنی بەرژەوەندییەكانی وڵاتەكەی لە عێراق دەكات، بۆیە ئەگەر دامەزراندنم لەو پۆستە دووپات كرایەوە، گرنگیی لەپێشینەم پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی ئەمەریكا و بەهێزكردنی هاوبەشیی دووقۆڵی بۆ بەهێزكردن و پاراستنی ستراتیجیەت و بەرژەوەندییە هاوبەشەكانمان دەبێت.

ئەو ئاماژەی بۆ ئەزموونی پێشووی خۆی وەك باڵوێزی ئەمەریكا لە توركمانستان و تاجیكستان و كۆسۆڤۆ و كاربەڕێكەری كارەكانی باڵوێزخانەی ئەمەریكای لە ئەسیوپیا كرد، دووپاتی كردەوە كە ئەو ئەزموونانەی وا دەكەن شایستەی ئەركی بەهێزكردنی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق بێت.

جاكۆبسۆن دووپاتی لە گرنگیی ئارامی و سەقامگیریی ئاسایش و سەروەریی عێراق كردەوە، دووپاتی كردەوە كە تا ئێستەش داعش هەڕەشەیە بۆ سەر ناوچەكە، سوپای ئەمەریكا پاڵپشتییەكی گەورە پێشكەش بە هێزە تەناهییەكانی عێراق و هێزی پێشمەرگە دەكات، ئێستەش دوای چەند ساڵێك لە گەڕانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا بۆ شەڕی داعش، كاتی ئەوە هاتووە سوپاكەمان رۆڵی نوێی هەبێت، بۆیە سوور دەبم لەسەر گۆڕینی ئەركەكان لە رووبەڕووبوونەوەی داعش بۆ هاوئاهەنگی دووقۆڵیی تەناهی و سەربازی بۆ سەركەوتن بەسەر داعش و مسۆگەركردنی ئاسایشی عێراق.  

جاكۆبسۆن، لەبارەی سیاسەتی نوێی وڵاتەكەی لە عێراق و ناوچەكە، كە لە رێگەی ئەوەوە جێبەجێ دەكرێت گوتی، دووپات لە گرنگیی پێوەندییەكانی عێراق لەگەڵ دراوسێكانی دەكەینەوە، ئاماژەی بۆ هەنگاوەكانی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەوبارەوە كرد، ئەو باسی پەرەسەندنی ئابووری لە عێراق كرد كە لە سایەی بوونی پەرەسەندنی ئابووری و حكوومەتێكی خزمەتگەزاری، وا دەكات مەترسیی تیرۆر و دەسەڵاتی میلیشیاكانی هاوپەیمانی ئێران لە عێراق كەمتر بێت، كە مەترسیی گەوەرن لەسەر دواڕۆژی وڵاتەكە. 

كاندیدكراوی بایدن بۆ باڵوێزی عێراق دووپاتی لەوەش كردەوە كە ئێران رۆڵێكی خراپی لە عێراق هەیە و سەقامگیریی ناوچەكە دەشێوێنێت، ئەوە باش دەزانین كە هەڕەشەی سەرەكیی لە عێراق میلیشیاكانی سەر بە ئێرانن، ئەو ئاماژەی كرد كە لە پاڵپشتیكردنی رێنوێنەكانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا بۆ نوێكردنەوەی سیستمی بانكی لە عێراق بەردەوام دەبێت، رای گەیاند كە رێگە بە ئێران نادات بە بەكارهێنان و سوووەرگرتن لەو غازەی بۆ بەكارخستنی وێستەگانی كارەبا دەیداتە عێراق وەك چەكێك لە دژی بەغدا بەكاری بێنێت. 

جاكۆبسۆن وریایی لە نیازە خراپەكانی ئێران و رۆڵی بەردەوامی لە شێواندنی دۆخی تەناهیی ناوچەكە دا و دووپاتی كردەوە كە میلیشیاكانی نزیك لە ئێران مەترسییەكی گەورەن لەسەر سەقامگیریی عێراق، بۆیە بە هەموو ئامرازێكی سیاسی بەردەست كار بۆ ئەوە دەكات رووبەڕووی ئەو هەڕەشانە ببێتەوە بۆ سنوورداركردنی دەسترۆیشتوویی ئێران لە عێراق. 

جاكۆبسۆن ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە پابەند دەبێت بە پاڵپشتیكردنی كەرتە گرنگەكان لە عێراق وەك وزە و بانك، ئەوەش بە ئامانجی گەیشتنی بە سەربەخۆیی عێراق لەو كەرتانە و پاراستنی لە دەستوەردانی دەرەكی لە رێگەیانەوە و بەستنەوەی عێراق بە سیستمی جیهانی بۆ گەیشتن بە پەرەسەندنی بەردەوام و بەهێزكردنی سەقامگیریی ئابووری، ئەو كۆتایی بە قسەكانی هێنا و گوتی، لە حاڵەتی دووپاتبوونەوەی دامەزراندنی بەو پۆستە پابەندی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی وڵاتەكەی و سەقامگیریی و ئاسایشی عێراق دەبێت.

شابەنی باسە ئەو قسانەی جاكۆبسۆن بەر لە دەنگدانە لەسەر دامەزراندنی وەك باڵوێزی نوێی ئەمەریكا لە عێراق، كە ئەوەش هەنگاوێكی نوێیە لە ستراتیجیەتی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە 26ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند كە بەنیازە تریسی جاكۆبسۆن، بۆ پۆستی باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق لە شوێنی ئەلینا رۆمانۆوسكی كاندید بكات.       


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل