"هەڵكشانی ژمارەی گەشتیاران بۆ هەرێم بۆ ئەو ئارامی و سەقامگیرییە دەگەڕێتەوە كە هەیە"

:: PM:08:57:15/06/2024 ‌


بەهۆی ئەوەی هەرێمی كوردستان ناوچەیەكی ئارام و سەقامگیرە، بووەتە رووگەی گەشتیاران، كاتێك لە بۆنە و جەژنەكان بە سەتان هەزار گەشتیار روو دەكەنە ناوچە گەشتیارەكانی، بێ ئەوەی هیچ كێشەیەك رووبدات، بە ئارامی پشووی خۆیان بەسەر دەبەن و هەمووان بەبێ جیاوازی پارێزراو دەبن، هەموو ئەوەش بەهۆی ئەو سەقامگیرییەیە كە لە هەرێمی كوردستان هەیە.

كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە گرنگییەوە كاری لەسەر ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان كردووە، بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی هەرێم و ئەوانەشی وەك گەشتیار دێنە ناوچەكە بە ئارامی كاتەكانیان بەسەر ببەن، گەشتیارانیش كاتێك دەبینن كە هەرێمی كوردستان ئارامە، لە جەژنەكاندا رووی تێ دەكەن و لێرە كاتەكانیان بە ئارامی بەڕێ دەكەن.

عەتا ئەنوەر، خاوەنی كۆمپانیایەكی گەشتیارییە بە "وشە"ی گوت، هەرێمی كوردستان بۆ گەشتیاران و بۆ خەڵكەكەش ناوچەیەكی ئارام و سەقامگیرە، ئەمەش وای كردووە ساڵانە بە سەتان هەزار گەشتیار لە بۆنەكاندا روو لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان بكەن، ئەو ئارامی و سەقامگیرییەی لە هەرێم هەیەلە زۆر ناوچە و وڵات نییە، ئەوەش وای كردووە خەڵك بێن بەبێ ترس بمێننەوە و كاتەكانی خۆیان بەسەر ببەن، بە پارێزراوی گەشت و سەیران بكەن و لە شوێنە گەشتیارییەكان بمێننەوە.

باسی لەوەش كرد، ئەو هەموو گەشتیارە لە بۆنەكان، بەتایبەتی لە جەژنەكانی رەمەزان و قوربان سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن، بەڵام تا ئێستە كێشەیەكی گەورە رووی نەداوە و ئەوەی هەبووە هەندێك حاڵەتی خنكان بووە، ئەوەش هۆكاری ئەوەیە كە هەرێم لە رووی ئارامی و ئاسایشەوە سەقامگیرە، هیچ جیاوازییەك لە نێوان هاووڵاتییانی هەرێم و گەشتیاراندا نییە و هەموو بە ئاسوودەیی ژیان دەكەن و دەمێننەوە و ئارامی بۆ هەمووانە.

روونی كردەوە، گەشتیارانی هەرێم زیاتر عەرەبی خوار و ناوەڕاست و عێراقن، هەروەها خەڵكی رۆژهەڵات و باكور و ئەوروپا و زۆربەی وڵاتانی تێدایە، قسەیان لەگەڵ بكە یەكەم جار باس لە ئارامیی هەرێمی كوردستان دەكەن.

لای خۆیەوە ئیدریس ئیسماعیل، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، بە دڵنیاییەوە هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێم هۆكارەكەی بۆ ئەو ئارامی و سەقامگیری و پارێزراویە دەگەڕێتەوە كە بۆ گەشتیاران هەیە، كاتێك ساڵانە ژمارەیەكی زۆر لە گەشتیارانی وڵاتان دێنە هەرێم و لە كەشوهەوایەكی ئارام و سەقامگیر دەمێننەوە و دواتر دەگەڕێنەوە.

روونی كردەوە، هەرێم ناوچەیەكی سەقامگیر و خاوەن كولتوورە و هەموو رەگەزەكانی گەشتیاری تێدایە، لەوانە پێكەوەژیان و پێكهاتە جیاوازەكان پێكەوەژیان دەكەن، بۆیە لە پارێزگاكانی عێراق ئەوە بە تەواوی سەلمێندراوە كە كوردستان سەقامگیرە.

"ئەو ئارامی و سەقامگیرییەش لە خۆەوە بەدەست نەهاتووە، بە كاركردنی شەو و رۆژی هێزە تەناهییەكان كە بەردەوام بەبێ وەستان و پشوو لە خەمی پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییان بوونە، بەردەوام لە گەڕان بوون بۆ ئەوەی هاووڵاتییان پارێزراو بن، چەند رۆژی تر ناوچەكانی هەرێمی كوردستان پڕ دەبن لە گەشتیاری رەگەز جیاواز، هەمووان بە متمانەوە گەشتی خۆیان دەكەن و پشوو دەدەن و دەگەڕێنەوە، حكوومەتیش بەردەوام لە خەمی پاراستنی هاووڵاتییان بووە.

پێوەست بەو بابەتە پشتیوان سابیر، خاوەنی چێشتخانە بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، هەمووان لەوە دڵنیان كە هەرێمی كوردستان ناوچەیەكی پارێزراوە بۆ هاووڵاتییان و گەشتیاران، چەندین ساڵە بەردەوام لەگەڵ گەشتیاران قسە دەكەم و ئەوان باس لەوە دەكەن كە هەرێمی كوردستان ناوچەیەكی ئارامە، ئارامی و سەقامگیریی زۆر وڵات هەیە تا ئێستە بە دەستی نەهێناوە، ئەمە زۆر گرنگە خەڵك بە ئارامی لە ماڵەكانیان و لە دەرەوە و لە ناوچە گەشتیارییەكان دەمێننەوە و بە ئارامی دەنون و گەشت و خۆشی و سەیرانی خۆیان دەكەن.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی

 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل