ئەمەریكا سەركردەی داعش دەكاتە ئامانج

:: PM:09:36:15/06/2024 ‌

هەر سەرۆكێكی ئەمەریكا هەوڵ دەدات بۆ سەڵماندنی بەردەوامی لە شەڕی داعش و هەوڵدان بۆ سەركەوتن بەسەر رێكخراوەكە، سەركردەی داعش و رێكخراوە هاوشێوەكانی لەناو ببات، لە چەند ساڵی رابردوو ژمارەیەك سەركردەی داعش و قاعیدە كوژران، ئەمڕۆ ئەمەریكا رای گەیاند كە مانگی ئایاری رابردوو سەركردەی داعشی لە سۆماڵ و دنیا كردووەتە ئامانج، بەڵام لە كوژرانی دڵنیا نین.

وەك ئەمڕۆ شەموو تۆڕی هەواڵی "ئێن بی سی" نیوزی ئەمەریكی بڵاوی كردەوە، لە كۆتایی مانگی ئایاری رابردوو سوپای ئەمەریكا هێرشێكی ئاسمانی لە باكوری رۆژهەڵاتی سۆماڵ ئەنجام داوە، عەبدولقادر مۆئمین، سەركردەی داعشی لە سۆماڵ و دنیا كردووەتە ئامانج، كە لە ساڵی رابردوو بەبێ دەنگی كراوەتە سەركردەی گشتیی داعش.

چەند بەرپرسێكی ئەمەریكی دووپاتیان لە كردنەئامانجی ئەو سەركردەی داعش لە هێرشەكە كردەوە، بەڵام رایان گەیاند كە ناتوانرێ دووپات لە كوژرانی بكرێتەوە، كاتێك فەرماندەیی ئەمەریكا لە ئەفریقیا لە 31ی ئایاری 2024 بەیاننامەیەكی دەركرد و رای گەیاند كە هێرشێكی ئاسمانیان كردووەتە سەر پێگەیەكی داعش لە ناوچەیەكی چۆڵەوانی لە دووری 81 كیلۆمەتر لە باشووری رۆژهەڵاتی ناوچەی بۆساسۆ لە سۆماڵ، لە هێرشەكەدا سێ چەكدار كوژراون، بەڵام باسی ئەوە نەكرا كە ئەوانە كێن و چیان بەسەر هاتووە.

بەرپرسێكی باڵای ئەمەریكا رای گەیاند كە ئامانجێكی گەورەی داعشیان كردووەتە ئامانج، بەڵام ناوی ئەو ئامانجەی ئاشكرا نەكرد و دووپاتی كردەوە كە هێشتا ئەمەریكا لێكۆڵینەوە لە ئەنجامی هێرشەكە دەكات، لەوكاتەی ئەمەریكا ئاماژە دەكات كە مۆئمین لە هێرشە خوێناوییەكانی سۆماڵ لە 10 ساڵی رابردوو بەرپرسیارە، لەوانە كوشتنی دادوەرێك لە ماڵەكەی لە 2019 و دەستبەسەرداگرتنی شارێك لە ناوچەی بۆنتلاند بۆ ماوەی مانگێك لە 2016.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل