ماجید شنگالی: باسی هەڵبژاردنی پێشوەختە تەنیا گوشار و بۆ مەبەستی ترە

:: PM:11:04:15/06/2024 ‌

دوای ئەوەی نووری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا داوای هەڵبژاردنێكی پێشوەختەی گشتیی لە عێراق پێش كۆتایی ئەمساڵ كرد، لێكدانەوەی جیاجیا بۆ ئەو بانگەشەی مالیكی دەكرێت، ماجید شنگالی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق پێی وایە قسەكردن لەسەر ئەو بابەتە تەنیا گوشارە و بۆ گەیشتنە بە چەند مەبەستێكی تر.

شنگالی ئاماژە دەكات، بە زمانی لۆجیك و حیسابات لەسەر زەوی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق ناكرێت، هەموو قسەكانی لەسەر ئەو بابەتە لە گوشار و بۆ گەیشتن بە مەبەستی تر دەرناچێت، ئەوەش لە دنیای سیاسەتدا شتێكی ئاساییە، هەرچی لە وڵاتانی ترە دەكرێ هەڵبژاردن لە ماوەی 60 بۆ 90 رۆژ بكرێت، چونكە ئەوەی دامەزراوەكان بەڕێوە دەبات دەوڵەتە نەك حزب و سیاسەتوانان.

لای خۆیەوە غازی فەیسەڵ، شرۆڤەكاری سیاسی دەڵێت، بانگەشەكەی مالیكی پێچەوانەی مادەی 64ی دەستوورە، كە دەبێت دوای كۆتاهاتنی چوار ساڵی تەمەنی حكوومەت، سێیەكی ئەندامانی پەرلەمان پێشنیاز بۆ هەڵوەشانەوەی پەرلەمان بكەن و دوو لەسەر سێی ئەندامانیش رەزامەندیی لەسەر بدەن، یان سەرۆك وەزیران دەتوانێت داوایەك ئاراستەی سەركۆمار بكات بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، كە داوەیەكە بدرێتە پەرلەمان و دوو لەسەر سێی ئەندامان پەسندی بكەن، ئینجا پەرلەمان خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە و دوای مانگێك لەوە هەڵبژاردن ساز دەكرێ و حكوومەتی نوێ پێكدێت.    

روونی كردەوە، بەڵام پێدەچێت پێشنیازەكەی مالیكی رەنگدانەوەی ئەو ململانێیە بێت لە نێوان حزبەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەیە، هەروەها بە مەبەستی لێخستنی حكوومەتی سوودانی، ئەوەش دوای ئەوەی ئامانجی گرنگی بەدەست هێنا و لە بەدەستهێنانی ویلایەتێكی تری سەرۆك وەزیران نزیكە.

فەیسەڵ دووپاتی كردەوە، پێدەچێت حزبەكانی ئیسلامی سیاسی كە گەیشتوون بە دەسەڵات، باوەڕیان بە دیموكراسی و دەستاودەستكردنی ئاشتییانەی دەسەڵات نییە، تەنانەت باوەڕیان بە دەستووریش نییە، چونكە ژمارەیەك نەریتی پێچەوانەی دەستووریان داهێناوە و لە سەرووی دەستووریان داناوە، وەك بەشبەشێنەی تایفی و دابەشكاریی دەسەڵات و وەزارەت و دامەزراوەكان لەسەر بنەمایەكی تایفی و دامەزراندنی سندووقی ئابووری لە وەزارەت و پارێزگاكان بۆ دەستگرتن بەسەر پارەی گرێبەستەكان. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل