لاهوور شێخ جەنگی تۆڵە دەكاتەوە؟

:: AM:11:39:16/06/2024 ‌
ناكۆكی و ئاڵۆزییەكانی نێوان دەباشان و لالەزار گەیشتووەتە لووتكە و راكێشانی گرووپێك لەوانەی لەگەڵ لاهوور شێخ جەنگی لە هێزی دووپشك كاریان دەكرد لەلایەن دەزگای زانیاریی یەكێتییەوە، ئاڵۆزییەكانی زیاتر كرد. 

هێشتا لاهوور شێخ جەنگی خۆی بە ركابەری سەرسەختی یەكێتی دەزانێ‌، لێكدانەوەكان بۆ جووڵەكانیشی هەر بەمشێوەیەیە كە دەیەوێ‌ لە دەرفەتێكدا، تۆڵەی هەموو ئەو تۆمەت و كارانە بكاتەوە كە لەلایەن یەكێتییەوە لە بەرانبەری كراون.

لاهوور شێخ جەنگی جیا لە دروستكردنی لیستی بەرەی گەل بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان /هێشتا وادەكەی دیار نییە/ بە گوتەی كەسە نزیكەكانی دەیەوێ‌ تۆڵەی ئەو تۆمەتانەیش بكاتەوە كە بەرانبەری كراون. 

سەرچاوەیەكی نزیك لە بەرەی گەل، بە "وشە"ی گوت، هاندانی نزیكانی لاهوور شێخ جەنگی بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە ناو یەكێتی و راكێشانی چەند كەسێك لەوانەی لە هێزی دووپشك بوون لەلایەن دەزگای زانیاریی یەكێتییەوە، زیاتر لاهوور شێخ جەنگی تووڕە كردووە. 

زیاتر گوتی، "بەدڵنیاییەوە لاهوور شێخ جەنگی بەمشێوەیە دانانیشێت كە ناوبەناو بێن و پارچەیەك لە هێزەكەی لێ‌ بكرێتەوە" بۆیە چاوەڕوانی كاردانەوەی گەورە دەكرێت. 

خەڵكی سلێمانی لەناو ئەو ململانێیانەی لە شارەکەدا ھەن، بێ‌ پشوودان ماونەتەوە. سەردەمانێك ململانێی باڵەكانی یەكێتی و دواتر ململانێی گۆڕان و یەكێتی و ئێستەیش ململانێی بەرەی گەل و یەكێتی بەتەواوی شارەكەی بێزار كردووە.


وشە - وشه‌