ژنێكی لاوی خەڵكی پیرانشار بەناوی لەیلی پایموزد كە لە یەكێك لە خانەباخەكانی نزیكی ئەو شارە لەلایەن هاوسەرەكەیەوە ئاگری تێبەردرابوو، دوای مانەوەی چوار رۆژ لە نەخۆشخانە گیانی لە دەست دا.
ئەمڕۆ یەكشەم 16ـی حوزەیران، بەپێی راپۆرتی رێكخراوی هەنگاو بۆ مافەكانی مرۆڤ، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەیلی پایموزد، / 32 ساڵ/ خەڵكی گوندی خورینج-ی سەر بە شاری پیرانشار بەهۆی سووتانەوە (سەرووی 90٪) لە نەخۆشخانەی ئیمام خومەینیی شاری ئورمیەدا گیانی لە دەست دا.
باس لەوەش كراوە، ئەو ژنە قوربانییە كە دایكی دوو منداڵی كچ بووە، بەرەبەیانیی رۆژی چوارشەمی رابردوو لەلایەن هاوسەرەكەی، بەناوی موراد رەسوڵ رەوەندە لە باخی شوێنی كارەكەیان بە رشتنی بەنزین بەسەریدا ئاگر درا.
ئەو ژن و مێردە پێشتر پێكەوە ناكۆكییان بووە و لەیلی پایموزد لەم دواییانەدا دوای چەند مانگ گەڕانەوە بۆ ماڵی دایك و باوكی، بە نێوانگیریی ریش سپییەكان گەڕابووەوە بۆ لای هاوسەرەكەی.
رێكخراوی هەنگاو راپۆتێكی لەسەر ئەو كەیسە بڵاو كردەوە و دەڵێت، تاوانبار دوای كوشتنی هاوسەرەكەی بەسووتاوی لە بەردەمی ماڵی دایك و باوكی ناوبراو بەجێ هێشتووە و بۆ خۆی هەڵاتووە. دواتر لەلایەن كەسوكارەكانییەوە بە هەلیكۆپتەر بۆ یەكێك لە ناوەندە پزیشكیەكانی شاری ئورمیە گواسترابووەوە.