گۆڤەند و گرووپەكەی گیران

:: PM:07:10:16/06/2024 ‌
دوای هەوڵێكی زۆری ئاسایشی هەولێر، توانرا ئەو گرووپە مەترسیدارە بگرن كە ببوونە هەڕەشە بۆ سەر كچان و ژنانی كوردستان.

ئەو گرووپە لە سەردەمی كۆرنا بە تەواوەتی دەركەوتن بە گۆڤەند C T S ناسراو بوون، چەندین گرتە و ڤیدیۆی كچانیان بەرووتی لابوو، بۆ بڵاو نەكردنەوەی ئەو گرتانە داوای پارەیەكی زۆریان دەكرد، یان بڵاو كردنەوە ڤیدیۆیەكی تری ئەو كەسانە بە سووكایەتییەی كردنیان بەخۆیان بوو.

لە ئێستە ئاسایشی هەولێر سەرۆكی ئەو گرووپە و ئەندامەكانی گرتووە، بڕیارە سبەی ڤیدیۆی دانپێدانیان بە تاوانەكە بڵاو بكاتەوە.

پێشتر ئاسۆ هاشم، پارێزەری راوێژكار بە "وشە"ی راگەیاند، دۆسیەی گۆڤەند لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان باندێكی زۆر گەورەن، ئێستە چەند كەیسێك لەسەر ئەو دۆسیە هەیە و هەموویان سیناریۆكانیان لە یەكەوە نزیكە و سەرچاوەكەیان دەچێتەوە سەر گۆڤەند.

زیاتر گوت، كەیسم لەبەردەستدایە لەسەر گۆڤەند، پێوەندی خۆشەویستی لەگەڵ ئەو كچە هەبووە، باندەكە زۆر گەورەیە و نازانرێ ئاخۆ هەموویان خۆیان بە گۆڤەند ناساندووە یان سەرۆكە گەورەكەیان ناوی گۆڤەندە و كەسانێكی تر كاریان بۆ كردووە.

ئەو پارێزەرە روونی كردەوە، كەسێك بەناوی گۆڤەند گیراوە لەگەڵ كچێكدا، كچەكە لە ناو مۆبایلی گۆڤەند وێنەی زۆری هەبووە و ئەو كچە كچی تری بە گۆڤەند ناساندووە، بەڵام دیار نییە ئەوە گۆڤەندە یان بەردەست و كاری بۆ گۆڤەندی گەورە كردووە، لێكۆڵینەوە لەسەری بەردەوامە.

"بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر راستەوخۆ هاوكارە لەو كەیسە، لیژنە لە وەزارەتی ناوخۆ لەسەر ئەو كەیسە دانراوە، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەكان و لایەنی بەهێزی تەناهی، هیوامان هەیە لە رۆژانی داهاتوودا ئەو گرووپە بهێنرێنە سەر شاشەی تیڤییەكان، بەڵام ئامار لە بارەی تێوەگلاو و قوربانیان لەبەر دەست نییە و دڵنیاین باندی گەورەن" ئاسۆ هاشم وای گوت.



وشە - رامیار جەواد