ژمارەیەك لە حاجی كورد بە ڤیزەی گەشتیاری چوونەتە سعوودیە چارەنووسیان نادیارە

:: PM:09:35:16/06/2024 ‌
بەرپرسێكی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت، ژمارەیەك لە حاجی كورد لەڕێی ڤیزەی گەشتیاری هاتوونەتە سعوودیە لە دوێنێەوە چارەنووسیان نادیارە.

ئەمڕۆ یەكشەم 16ـی حوزەیران، كاروان ستوونی بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ـی راگەیاند، لەلایەن چەند كەسێك كە كەسوكاری حاجین و بە ڤیزەی گەشتیاری هاتوونەتە سعوودیە پێوەندیمان پێوەكراوە.

زیاتر گوتی، ئەو كەسانە پێیان راگەیاندووین، لە دوێنێەوە كەسوكاریان پێوەندییان لەگەڵیان نەماوە و چارەنووسیان نادیارە.

بەپێێ‌ بەدواداچوونی "وشە" ژمارەی ئەو حاجیانەی چارەنووسیان نادیارە چوار حاجییە و ژمارەی تەلەفۆنەكانیان داخراوە و پێوەندییان لەگەڵ كەسوكاریان پچڕاوە.

پێشتر بەرپرسانی حەج و عومرە لە هەرێمی كوردستان هۆشداریان لەو جۆە حەجكردنە دابوو كە مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەبێت و ئەگەر شتێكیان بەسەر بێت ناتوانن هیچیان بۆ بكەن خۆیان بەرپرسیار دەبن.



وشە - رامیار جەواد