دامەزراوەیەکی سویدی: ژمارەی کڵاوە ئەتومییەکانی ئامادەی جەنگ لە زیادبووندان

:: AM:09:52:17/06/2024 ‌
بەپێی دواین راپۆرتی دامەزراوەی ئاشتیی سیپری، ژمارەی چەکە ئەتومییەکان کە ئامادەی بەکارهێنانن لە ئەگەری روودانی هەر جەنگێکی ئەتومی، بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادی کردووە و بۆیەکەم جار گومان دەکرێ چینیش کڵاوەی ئەتومیی ئامادەی جەنگی هەبێت.

دامەزراوەکە کە بنکەی سەرەکیی لە سویدە پێی وایە دۆخی دنیا تا ئاڵۆزتر ببێت ئەوا ئەوا چەکە ئەتومییەکان گرنگییان زیاتر دەبێت و ئەو وڵاتانەی کە کڵاوەی ئەتومییان هەیە زیاتر دەیخەنە سەر مووشەکەکانیان بۆ ئەوەی لەهەر ئەگەرێکدا بەکاری بهێنن.

زۆرترین ژمارەی چەکی ئەتومی کە بۆ بەکارهێنان ئامادە بن لە دەستی رووسیا و ئەمەریکادان و خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە چینیش کۆمەڵێک کڵاوەی ئەتومی هەیە کە ئامادەن بۆ ئەوەی ئاراستە بکرێن.

لە ماوەی سێ دەیەی رابردوودا چین بودجەی سەربازیی خۆی بەردەوام زیاد کردووە و دەخوازێت لەگەڵ گەشەی ئابووری گەشە بە توانا سەربازییەکانیشی بدات.

بەگشتی لە دنیادا نۆ وڵات خاوەنی چەکی ئەتومین کە بریتین لە ئەمەریکا، رووسیا، بەریتانیا، فڕەنسا، چین، هیندستان، پاکستان، کۆریای باکور و ئیسرائیل.

بەگوێرەی دۆیچەوێلە، دامەزراوەکەی سوێد دەڵێت تەواوی ئەو وڵاتانە چەکەکانی خۆیان مۆدێڕنتر کردووە و لە بواری خێرایی ئەو مووشەکەی کڵاوە ئەتومییەکەی پێ هەڵدەگیرێت پەرەی پێ دراوە و هەوڵ دراوە لە پێکانی ئامانجدا زۆر وردتر بێت.

هەرچەندە ئەو ئەگەرە زۆر نییە کە ئێستە وڵاتان چەکی ئەتومی لە دژی یەکتر بەکار بهێنن بەڵام دیسانیش ئەو مەترسییانە نەڕەویونتەوە و لە ئەگەری بەکارهێنانیاندا کارەساتی زۆر گەورە بەدوای خۆیاندا دەهێنن.


وشە - سلێمان تاشان