بایدن: پڕۆژەکەی من باشترینە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەزە

:: AM:11:30:17/06/2024 ‌
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا جارێکی تر بەرگریی لە پڕۆژەکەی کرد کە بۆ مەبەستی ئاشتی و ئاگربەست بۆ جەنگی غەزە خراوەتە روو و رای گەیاند باشترینە و پێویستە دوو دەوڵەتی سەربەخۆی ئیسرائیل و فەلەستین دابمەزرێن.

لە بەیاننەمەیەکدا کە هەر بە بۆنەی جەژنی قوربان لە لایەن بایدن بڵاو کراوەتەوە باس لەو پڕۆژەیە کراوە کە ماوەیەک لەمەوبەر لە لایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان پەسند کرا و بە سێ قۆناغ کۆتایی بە جەنگەکە دەهێنێت.

جۆ بایدن باسی لەوە کردووە کە هەموو هەوڵەکانی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی دوو دەوڵەتی فەلەستین و ئیسرائیل دابمەزرێن و کۆتایی بە کێشەیەکی گەورەی مێژوویی دەهێنێت.

بەرپرسێکی ئیسرائیلی بە ئەکسیۆسی راگەیاندووە کە ویست و داخوازییەکانی حەماس پێچەوانەی ویست و داخوازییەکانی بایدنە و هیچ رێیەک لەبەردەم حەماسدا نییە جگە لەوەی کە بە پێشنیارەکانی رازی ببێت.

بەگوێرەی rfi ئەو بەرپرسە پێی وایە شتێکی ئاستەمە جەنگ کۆتایی پێ بێت ئەگەر تەواوی بارمتەکانی ئیسرائیل ئازاد نەکرێن و نەگەڕێنەوە ماڵەکانیان لە ئیسرائیل.

بەگوتەی بەرپرسەکە ئیسرائیل، تەنانەت حەماس رێککەوتنەکەی پێشوویشی پێشێل کرد و بۆیەش لە هەر رێککەوتنێکدا دەبێت ئەو مافە بە ئیسرائیل بدرێ لە ئەگەری پێشێلکردنی رێککەوتنەکە مافی ئەوەی هەبێ درێژە بە جەنگ بداتەوە.

لە حەوتی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە لە غەزە جەنگ هەڵگیرساوە و بەهۆیەوە سەرووی 36  هەزار کەس گیانیان لەدەست داوە و سەرووی 80 هەزار کەسی تر بریندار بوون.




وشە - سلێمان تاشان