وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دوای چەندان مانگ دواکەوتن، پڕۆژەیاسایەکی گرنگیان پەسند کرد کە بە یاسای بووژانەوەی سروشت ناسراوە و ئەمەش بە یەکەم یاسای سەوز دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی نوێی یەکێتییەکە هەژمار دەکرێت.
یاسای بووژانەوەی سروشت پڕۆژەیەکی مێژوویی یەکێتییەکەیە و بە گەورەترین پلانی ستراتیجیی یەکێتیی ئەوروپا بۆ بواری سروشت دادەنرێت. یاساکە تەواوی وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا ناچار دەکات یەک لەسەر پێنجی خاک و ئاوی وڵاتیان تا ساڵی 2030 ببووژێننەوە.
پڕۆژەیاساکە لە هاوینی ساڵی رابردوودا نەتوانرا پەسند بکرێ و زۆرینەی وڵاتان دژایەتییان کرد بەڵام ئەمڕۆ لە 27 وڵاتی ئەوروپا 15 وڵات پشتیوانییان کرد کە 65%ی دانیشتووانی ئەوروپایان هەیە. پڕۆژەیاساکە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی یەکێتییەکە لە لۆکزامبورگ پەسند کرا.
لە دەیەکانی رابردوودا ژینگەی ئەوروپا رووی لە خراپی کردوووە و ئەو پلانەی یەکێتی ئەروپا گرتوویەتە بەر دەتوانێت لە داهاتوودا وڵاتانی تریش سوودی لێ وەربگرن.
بەگوێرەی رادیۆ
فەردا، تا ساڵی 2030 وڵاتانی ئەندامی یەکێتییەکە ناچارن هەندێک پڕۆژە و پلان بۆ بووژانەوەی سروشت و پەرەپێدانی رووبەری رووەک و ژیانی گیانلەبەران رەچاو بکەن و ئەو پلانەش لانی کەم لە 20%ی کۆی خاکی وڵاتەکان دەبێ جێبەجێ بکرێت.
فینلاند، هەنگاریا، ئیتاڵیا، هۆڵندا، پۆڵەندا، سوید دژی پڕۆژەکە دەنگیان دا بەڵام بەلجیکا بێلایەن بوو.
نیگەرانیی سەرەکیی هۆڵندا ئەوەیە ئەو پڕۆژەیە ببێتە بەربەست لەبەردەم چالاکییە ئابوورییەکانیان کە پشت بە وزەی با دەبەستن.