دەنگی دەهۆڵ لە بریتانیا خۆشە

:: PM:10:09:17/06/2024 ‌

گرووپی میوزیکی دەهۆڵ كە گرووپێكی كوردیی پرۆفیشناڵن، لە فێستیڤاڵێكدا بریتانیا دەهەژێنن.

ئەمڕۆ دووشەم، 17ی حوزەیران، زیرەک ژێدار، سەرپەرشتیاری گرووپی میوزیكی دەهۆڵ لە لێدوانێكدا بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە فێستیڤاڵی هەفتەی پەنابەرانی وڵاتی بریتانیا کە ساڵانە ئەم بۆنەیە بۆ نەتەوە جیاوازەکان ساز دەکرێت،  گرووپی میوزیکی دەهۆڵ بەشداریمان كردووە و بە ئاوازی ڕەسەنی کوردی و جلوبەرگ و ئاڵای کوردستانەوە فێستیڤاڵەکەمان تەژی كرد لە کلتوور و مێژووی کوردستان.

ئەوەشی گوت، بەشداریی ئێمە وەكوو گرووپێكی سەرەكی لەو فێستیڤاڵە، لە میدیاكانی بریتانیادا بایەخی زۆری پێ دراوە، چونكە بە تەواوی سەرنجیان بۆ هونەرەكەی ئێمە ڕاكێشرا.

گرووپی دەهۆڵ، ماوەی 21 ساڵە بەشداری  لە فێستیڤاڵ و بۆنە نێونەتەوەییەکانی وڵاتی بریتانیا  دەكات و بووەتە هێمایەکی گەش بۆ کولتوور و ڕەوەندی کوردستانی لەو وڵاتەدا.


وشە - عەبدوڵا عومەر