پێش خۆی پەیامەكانی رەوانە كرد.. مەبەستی جاكۆبسۆن چییە؟

:: PM:12:20:18/06/2024 ‌

تریسی جاكۆبسۆن، كاندیدی جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا بۆ پۆستی باڵوێزی ئەو وڵاتە لە عێراق لە شوێنی ئەلینا رۆمانۆوسكی، لە یەكەم وتاری لەبەردەم كۆنگرێسی ئەمەریكا رای گەیاند كە كار بۆ پاراستن و بەهێزكردنی  بەرژەوەندییەكانی وڵاتەكەی و رووبەڕووبوونەوەی دەسترۆیشتوویی میلیشیاكان لە عێراق دەكات، شارەزایان پێیان وایە ئەو پێش خۆی پەیامەكانی رەوانە كرد.

حەیدەر مووسەوی، نووسەری سیاسی پێی وایە پەیامەكەی جاكۆبسۆن دوو پەیامی لەخۆ گرتووە، یەكەمیان ئەو دەبێتە نوێنەری ئەمەریكا كە ئەگەر بەرژەوەندییەكانی وڵاتەكەی رووبەرووی هێرش ببنەوە، چاوپۆشی لەگەڵ گرووپە چەكدارەكان ناكات، پەیامێكی تری ئەوەیە كە پاڵپشتیی لە سیستمی سیاسی لە عێراق دەكات، بەو پێیەی ئەمەریكا حكوومەتی عێراقی دامەزراندووە، بۆیە دەیەوێ بڵێت كە رێگە بە هێرشكردنە سەری نادەن و پاڵپشتی لێ دەكەن، ئەوەش ئاماژەدانە بۆ ئەوەی وا باشترە حكوومەتی عێراق لەسەر خەتی ئەمەریكا و دوور لە دەسەڵات و كاریگەریی میلیشیاكان بێت.  

ئەحمەد شەریفی، شارەزای ستراتیجی پێی وایە جاكۆبسۆن بەرنامەیەك لەگەڵ خۆی دێنێت كە قبووڵی موجامەلە و چارەسەری خۆڵەمێشی بەرانبەر میلیشیاكان ناكات، ئەو سیاسەتی لەگەڵم یان لە دژیم پێڕەو دەكا و ئەوەش بۆ حكوومەتی سوودانی كێشەیەكی گەورەیە، بۆیە چاوەڕان دەكرێ بە هاتنی پاڵپشتیی لە حكوومەتی عێراق بكا نەك سوودانی، كە بەرنامەكەی تەواوكراوی بەرنامەی حكوومەتەكەی كازمییە و هەموو هێزە شیعەكان بە ناچاری پێی رازی بوون، چونكە شوێنگرەوەی حكوومەتێكی فریاگوزاری یان رزگاری نیشتمانی بوو، بۆیە ئەوكات شیعەكان بە كازمی رازی بوون و تا ئێستەش نەیانتوانیوە لە مەترسییە دەربچن. 

ئەو شارەزایە دووپاتی دەكاتەوە، بۆیە بەرنامەی حكوومەتەكەی سوودانی درێژكراوەی بەرنامەی حكوومەتی كازمی بوو كە ئەمەریكا قبووڵ كردووە و پاڵپشتی لێ دەكات، لەوكاتەی گرووپە چەكدارەكان بە هاوشێوەی سەردەمی كازمی، ئێستەش لە میدیاكان رەتی دەكەنەوە، پێشبینی دەكرێ جاكۆبسۆن بەرنامەیەكی هەبێت قبووڵی موجامەلە و چارەسەری خۆڵەمێشی نەكات، واتە یان دەبێت لەگەڵی بیت یان لە دژی، ئەوەش كێشەیەكی گەورە بۆ حكوومەتی سوودانی دروست دەكات، كە یان دەبێت جڵەوی میلیشیاكان بگرێتە دەست و پابەندی بەڵێنەكان لەگەڵ ئەمەریكا بێت، یان دەبێت رووبەڕوو میلیشیاكان ببێتەوە و لە هێرشكردنە سەر ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی، بەتایبەتی ئیسرائیل بێدەنگیان بكات.  

شەریفی دووپاتی كردەوە، پێوەندییەكانی سوودانی لەگەڵ میلیشیاكان وای كردووە نەتوانێت بڕیاری رژد و رێوشوێنی توندیان بەرانبەر وەربگرێت، بۆیە قۆناغی داهاتوو لەگەڵ هاتنی باڵوێزی نوێی ئەمەریكا و ئەگەری هاتنی كۆمارییەكان بۆ دەسەڵات لە كۆشكی سپی، گوشارێكی زۆر دەخرێتە سەر سوودانی و حكوومەتی عێراق. 

ئەسعەد بەسری، نووسەر پێی وایە ئەمەریكا خواستی رژدی لە ئەنجامدانی گۆڕانكاری لە عێراق هەیە، قسە و هەڕەشەكانی باڵوێزی نوێی ئەمەریكاش، لە خۆڕایی و كلاوات نییە، ئەو ئاماژە بۆ ئەگەری گۆڕانكارییەكی گەورە لە عێراق دەكا و لە تۆڕی ئێكس نووسویەتی، ئێستە سێ ناوچە لە دنیا سەرچاوەی ئاڵۆزین، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا و باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا، ئەوانە هەمووی گرنگی لەپێشینەیان لای ئەمەریكا هەیە، ئەوەی بەسەر ئیسرائیل دێ بێوێنەیە و ئەو وڵاتە هەڕەشەی مان و نەمانی كەوتووەتە سەر، بۆیە كە جاكۆبسۆن هەڕەشە دەكات، بەتایبەتی كە بە ئەندازیاری كودەتا و گۆڕانكارییەكان ناسراوە، هەڕەشەكانی لەگەڵ ئەوەی رۆمانۆوسكی جیاوازن، بەوەی ئەمەریكا خواستێكی رژدی لە گۆڕانكاری لە عێراق هەیە.  

لای خۆیەوە رەمەزان بەدران، شارەزا لە كاروباری ئەمەریكا دەڵێت، قسەكانی جاكۆبسۆن ئاماژە بۆ پەرەسەندنی رووبەڕووبوونەوەی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئێران و میلیشیاكانی لە داهاتوو دەكات، قسەكانی روون و توندن، بەڵام باسی ئەمان ئەو شتانە دەكا پێشتر ئەمەریكا باسی كردوون، بەڵام بەهۆی شەڕی غەزەوە ناوچەكە رووی لە پەرەسەندنی زیاتر كردووە، ئەمەریكاش پێی وایە ئێران لەپشت ئەو پەرەسەندنەیە لە ناوچەكە لە رێگەی میلیشیاكانییەوە، بۆیە پێشبینی دەكرێ لە داهاتوو هەڵوێستی ئەمەریكا بەرانبەر بە ئێران و ئەو میلیشیایانە توندتر بێت.  

ئەو شارەزایە پێی وایە ئەو پەرەسەندنەی ئەمەریكا بەمنزیكانە دەست پێ دەكات، رەنگە دەستی پێ كردبێت، بەڵام بۆ سنوورێكی فرەوانتر پەرە دەستێنێت، پێشبینی هەیە پاڵپشتییەكی ناوچەیی و نێودەوڵەتیشی لەگەڵدا بێت، ئەوان لە رووبەڕووبوونەوە و لاوازكردن و بچووككردنەوەی ئێران و كاریگەرییەكانی لەسەر ناوچەكە خۆیان یەك بخەن. 

دووپاتی لەوە كردەوە، ئەمەریكا هەست بەوە دەكا كە تا ئێستە پارە و دۆلار لە عێراقەوە بۆ ئێران دەچێت و نابێت ئەوە بەردەوام بێت، بۆیە پێشبینی دەكرێ چاودێری توندنتر بخرێتە سەر هاتوچۆی دۆلار و كاری بانكەكانی عێراق، بۆیە باڵوێزی نوێی ئەمەریكا توندتر دەبێت، بەوپێیەی سیاسەتی نوێی ئەمەریكا توندتر دبێت، قسەكانی جاكۆبسۆنیش روون و یەكلاكەرەوە بوون.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل