چۆن دەزانی قژت دەستی بە هەڵوەرین كردووە و كەچەڵ دەبیت؟

:: PM:03:27:18/06/2024 ‌

كەچەڵی و رووتانەوەی سەر و هەڵوەرینی قژ كێشەیەكی گەورەی پیاوە، كاتێك لە تەمەنی 70 ساڵیدا 96 بۆ 100%ی پیاوان دووچاری هەڵوەرینی قژ دەبنەوە، تەنانەت یەكێك لە پێنج پیاو لە تەمەنی 20 ساڵی تووشی كەچەڵی دەبن، یەكێك لە سێ پیاویش لە تەمەنی 330 ساڵی تووشی دەبنەوە، بەڵام چۆن دەزانی كە كەی كەچەڵ دەبیت؟

ئیفا برودمان، شارەزای قژ لە بەریتانیا دەڵێت، دەكرێ وەك بۆماوە جینەكانی هەڵوەرینی قژ بۆ مرۆڤ بگوازرێتەوە، ئەوە هۆكاری زۆرینەی حاڵەتەكانی كەچەڵییە، توێژینەوەكان باسی بوونی 12 جۆر جین دەكەن كە پێوەندییان بە كەچەڵییەوە هەیە، د. ماركۆ نیكۆلۆس، لە نۆرینگەی هەڵوەرینی قژ دەڵێت، جینێكی گرنگ لەسەر كرۆمۆسۆمی (x)  دۆزراوەتەوە كە لە رێگەی كرۆمۆسۆمی مێینەوە دەگوازرێتەوە، واتە  ئەگەر باوكی دایك یان خاڵەكان ئەو كرۆمۆسۆمەیان هەڵگرتبێت، دەكرێ بگاتە كەسەكە.  

زیاتر گوتی، نیوەی ئەو پیاوانەی بە دەست كەچەڵبوونی ئاساییەوە دەناڵێنن، قژیان لە تەمەنی 35 ساڵی دەستی بە هەڵوەرین كردووە، بۆیە ئەگەر باوك یان باپیر تا تەمەنی 40 ساڵ قژیان لە دەست داوە، دەكرێ كەسەكە تووشی هەمان شت بێت، هەرچی كاتی كەچەڵبوونە، ئەوە دەوەستێتە سەر چەند هۆكارێك، بەگشتی دەكرێ مرۆڤ لە هەر تەمەنێكدا تووشی بێیتەوە، لەوانە لە تەمەنی 14 تا 70 ساڵ.

بەوپێیەی هەڵوەرینی قژ پرۆسەیەكی هێواشە كە چەند مانگ یان ساڵ دەخایەنێ تا بە روونی بەدیار دەكەوێت، بۆیە دەتوانرێ پێشی لێ بگیرێت یان چارەسەری بەكاربهێنرێ و بوەستێنرێت یان هێواش بكرێتەوە، نیكۆلۆس دەڵێت، 80%ی هەڵوەرینی قژ لە ناوچەوانەوە دەست پێ دەكات، بۆیە باشترین رێگە بۆ زانینی كاتی دەست پێكردنی هەڵوەرینی قژ پێوانەكردنی نێوچەوانە، واتە لە نێوان هەردوو برۆكان تا هیڵی قژ لە سەرووی ناوچەوان، بە هێلێكی راست بۆ سەرەوە و بۆ هەردوولاش، لە ماوەی چەند هەفتەیەك ئەو پێوانەكردنە دووبارە دەكرێتەوە، هەرچەند ماوەكە زیاتر بوو، واتە قژ دەستی بە هەڵوەرین كردووە و تا دێ زیاتر دەبێت، بۆیە ئەوكات مرۆڤ دڵنیا دەبێت كە قژی دەستی بە هەڵوەرین كردووە و دەتوانێ سەردانی پزیشكی شارەزا بكا و چارەسەری وەربگرێت.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل