ماوەی چەند رۆژێكە پلەكانی گەرما بەرزبوونەوەیەكی بەرچاویان بەخۆیەوە بینیوە و گەرمای تاقەتپڕووكێن تەواوی عێراقی گرتووەتەوە، دەستەی گشتی كەشناسیی و بوومەلەرزەزانی عێراقیش پێشبینی دەكات كە كۆتایی ئەم هەفتەیە ئەم شەپۆلە بەهێزەی گەرما كۆتایی بێت، هاوكات دڵنیایی دا لە چەند رۆژی ئایندەدا هیچ شەپۆلێكی خۆڵباران عێراق ناگرێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەم 18ی حوزەیرانی 2024، عامر جابریی بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گشتی كەشناسیی و بوومەلەرزەزانی عێراق بە پێگەی فەرمیی هەواڵیی عێراقی راگەیاند، بەرزبوونەوەی ئێستەی پلەكانی گەرما بەهۆی كاریگەری نزمە پەستانی گەرمای وەرزییەوەیە كە لە باشوری رۆژهەڵاتی ئاسیاوە گەیشتووە و بەهۆیەوە پلەكانی گەرما لە نێوان 45 بۆ 51 پلەی سیلیزین بەپێی ناوچە جیاوازەكانی عێراق.
جابری ئاماژەی كرد كە كاریگەریی ئەم شەپۆلە بەهێزەی گەرما لەگەڵ كۆتایی ئەم هەفتەیە كۆتایی دێت و پێشبینیشی كرد كە لە دوو رۆژی داهاتوودا پلەكانی گەرما لە بەغدا 50 پلە تۆمار دەكەن و لە كۆتایی هەفتەیشدا شەپۆلەكە بەرەو لاوازی دەڕوات.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی كەشناسیی ئەوەیشی گوت كە هیچ ئاماژەیەك لە كەشوهەوادا بۆ باران و شەپۆلی خاڵباران لە ئارادا نییە بۆ رۆژانی داهاتوو.