ڤلادمێر پوتین سەرۆكی رووسیا بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە كۆماری كۆریای باكور و لەلایەن كیم جۆنگ ئون سەرۆكی وڵاتەكە لە فڕۆكەخانە پێشوازی لێ كرا.
ئەمڕۆ سێشەم 18ی حوزەیرانی 2024، ئاژانسی فەرمی هەواڵی رووسیا "سپۆتنیك" بڵاوی كردەوە، فڕۆكەكەی ڤلادمێر پوتینی سەرۆكی رووسیا لە فڕۆكەخانەی "بیۆنگ یانگ" لە كۆریای باكور نیشتووەتەوە.
بەپێی ئاژانسە هەواڵییە رووسیەكە، بەرنامەی سەردانی پوتین بۆ کۆماری كۆریا بەرفراوانە و بەشی سەرەکیشی لە ڕۆژی چوارشەممە 19ی حوزەیران بەڕێوەدەچێت و بڕیارە گفتوگۆکان بە شێوەی جۆراوجۆر بەڕێوەبچن.
هەروەها بەرنامەی سەردانەکە ئاهەنگێكی میوزیك بۆ پێشوازی پوتین لەخۆ دەگرێت و دانانی تاجە گوڵینەیش لە مۆنۆمێنتی رزگاری بەشێكی ترە لە بەرنامەی سەردانەكەی پوتین.
سەركۆماری ڕووسیا لەم سەردانەدا هەر یەك لە دیمیتری چێرنیشینکۆ جێگری سەرۆک وەزیران و ئەنتۆن ئەلیخانۆڤ وەزیری پیشەسازی و بازرگانی و ڕۆمان ستارۆڤۆیت وەزیری گواستنەوە و سێرگی تسیڤیلێڤ وەزیری وزە و کۆنستنتین چویچێنکۆ وەزیری داد یاوەری دەکەن.