نەبوونی كارەبا ناڕەزایی لێ كەوتەوە و سوودانیش 10 بەرپرسی دوور خستەوە

:: AM:11:02:19/06/2024 ‌
بەهۆی نەبوونی كارەبا، بەبڕیاری سوودانی 10 بەرپرسی وەزارەتی كارەبا لە كارەكەیان دوور خرانەوە، داوای دەست لەكاركێشانەوەی وەزیری كارەباش دەكرێت.

پلەی گەرما لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق گەیشتووەتە 50 پلەی سیلیزی و بەجۆرێك كەشەكە گەرم بووە تاقەتپروكێنە، نەبوونی كارەباش ژیانی خەڵكی ئەستەم كردووە، ئەمەش ناڕەزایی زۆری لێ كەوتووەتەوە.

لەمبارەیەوە وەزارەتی كارەبا سەرەڕای بەڵێنە بەردەوامەكانی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، نەیتوانیوە كارەبا بۆ خەڵك دابین بكات، ئەمەش كاردانەوەی پەرلەمانتارانی لێ كەوتووەتەوە.

عەلی ساعدی ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕای گەیاند، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، دەبێت زیاد عەلی فازڵ وەزیری كارەبا لە كارەكەی دوور بخاتەوە و دەرئەنجامەكانی شكستی وەزیری كارەبا و ناڕازیبوونی جەماوەریش لە ئەستۆ بگرێت.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی گوتووە، "بەهۆی زۆریی ناڕەزایەتیی خەڵك لە كارەبا و خزمەتگوزارییەكان، هەموو ئەو شتانەی دوێنێ دروستمان كردوون، ئەمڕۆ خەریكە لەناو دەچن.

لە رۆژانی رابردوودا سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ژێر فشاری ناڕەزاییەكانی خەڵك، 10 بەرپرسی لە كەرتی كارەبای پارێزگا جیاوازەكانی عێراق دوور خستەوە.

 لە ساڵی 2003ـەوە خەڵكی عێراق بەدەست نەبوونی كارەباوە دەناڵێنن، سەرەڕای بودجەیەكی زەبەڵاحی دەوڵەت، هیچ چارەسەرێكی كارەبا نەكراوە، بەشێكیش لە هاووڵاتییان پێیان وایە ئێران بۆ ئەوەی كارەبای خۆی بفرۆشێت، رێگرە لە چارەسەری كێشەی كارەبا لە عێراقدا.



وشە - سۆران عەزیز