بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرماوە سكچوون و ڕشانەوە زیاتر دەبن، پزیشكێكیش چەند رێچارەیەك بۆ خۆپارێزی دەخاتەڕوو.
د. پشدەر عەبدوڵا پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵان و گەشەكردنیان رای گەیاند، هۆكارەكانی سكچوون و ڕشانەوە زۆرن و لە خۆتانەوە دەرمان بۆ چارەسەریان بەكار مەهێنن.
ئەو پزیشكە دەڵێت، لەوانەیە هۆكارەكە ڤایرۆس یان بەكتریا، پاڕاسایت، خواردنی شیرینی، هەستیاری بە پڕۆتین، یان ژەهراوی بوون یان هەستیاری بەجۆرە خواردنێك، كۆرۆنا یان گەرما و چەندان هۆكاری تر بن، بۆیە لە خۆتانەوە دەرمان بەكار مەهێنن.
لەبارەی رێنوێنییەكان بۆ رێگریكردن لەو نەخۆشییە، د. پشدەر عەبدوڵا ئاماژەی بەوە كردووە، بۆ رێگرتن لە تووشبوون بە سكچوون و ڕشانەوە، باشترە ئەم هەنگاوانە بنێیت.
هەموو ئاوێك بكوڵێنە دواتر ساردی بكەرەوە و بۆ خواردنەوە بەكاری بهێنە. خواردن لەناو ساردكەرەوە هەڵبگرە. سەوزە و میوە پێش خواردنیان جوان بشۆرەوە. زوو زوو دەستی منداڵەكەت بشۆ بەتایبەت دوای تەوالێتكردن، پاك و خاوێنی تەوالێت و حەمام زۆر گرنگە.
د. پشدەر باسی لەوەش كردووە، بەكارنەهێنانی خاولی و پەرداخ و كەوچكی یەكتر رێچارەیەكی باشە، دووركەوتنەوە لە خواردنی دەرەوە بەتایبەت ئەوانەی سەر عەرەبانەكان. لەگەڵ باش كوڵاندنی گۆشت و خواردنەكان، ئەمانە یارمەتیدەرن بۆ ئەوەی دووربن لە سكچوون و رشانەوە لە وەرزی گەرمادا.