بەهۆی ڕەخنەگرتنەوە حكوومەتی ئێران مامۆستایەكی زانكۆی گرت

:: PM:02:43:19/06/2024 ‌
حورا نیكبەخت مامۆستای زانكۆ و چالاكی مافی ژنان  لەلایەن هێزە تەناهییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە تاران گیرا، ڕێكخراوێكی مافی مرۆڤیش وێڕای پشتڕاستكردنەوەی هەواڵەكە دەڵێـت، گوازراوەتەوە بۆ گرتووخانەی ئەوین.

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاوی كردەوە، حورا نیكبەخت بەڕێوەبەری دەزگای بڵاوكردنەوەی "مەشقی یەكسانی"، دوای ئەوەی لەلایەن دەزگا تەناهییەكانی تارانەوە بانگ دەكرێت، بە گەیشتنی دەیگرن.

حورا نیكبەخت پێشتر بەڵگەی بانگكردنەكەی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی "X" بڵاو كردبووەوە و لەو بەڵگەیەدا هاتبوو،  بە سووكایەتیكردن بە عەلی خامنەیی رابەر و پڕوپاگەندەی دژ بە حكوومەت تۆمەتبار كراوە.

ئەو مامۆستا و چالاكە ناسراوەی بواری مافەكانی ژنان، دوای ئەوەی  بۆ دەزگای تەناهیی بانگی دەكەن، لەگەڵ گەیشتنی دەیگرن و بۆ بەندیخانەی ژنانی ئەوینی تاران گواستراوەتەوە و ئێستەش لە گرتووخانەدایە.

كۆماری ئیسلامیی ئێران هەموو رەخنەیەك لە شۆڕش و رابەر و داودەزگاكانی ئەو وڵاتـە بە سووكایەتی دەداتە قەڵەم، ئەوەش دەكاتە بەڵگە بۆ گرتنی چالاكان و روناكبیرانی ئێران، بەم جۆرە وڵاتەكە وای لێ هاتووە كەس نەتوانێت هیچ بڵێت، نەك بە دژبەری دەوڵەت بیگرن.



وشە - سۆران عەزیز