لە توێژینەوەیەکدا شارەزایان ئاشکرایان کردووە، ئەو کەسانەی تەمەنیان لە 70 ساڵ بەرەو سەرەوەیە، بۆئەوەى تەندروستى و جوانیی لەشیان بپارێزن، پێویستە وەرزشى بەرزکردنەوەی قورسایی ئەنجام بدەن چونکە مرۆڤ بە شێوەیەکی سروشتی لەگەڵ هەڵکشانى تەمەنى کارکردنی ماسوولکەکانی لەدەست دەدات و هێزی دەست و قاچەکانیان لاواز دەبێت.
ئەمڕۆ چوارشەم 19ی حوزەیرانی 2024 ڕۆژنامەی "
دەیلی مەیل"ی بەریتانی بڵاوی کردەوە، ڕاهێنانی بەرگری سوودی بەهێزی هەیە و سوودەکەى بەردەوام دەبێت بۆ چەندان ساڵ دوای خانەنشین بوون، ئەمەش وایکردووە وەرزشێکی گونجاو بێت بۆ کەسانی بەساڵاچوو.
بۆ ئەم مەبەستە، توێژەران سەدان خانەنشینیان دەستنیشان کرد کە تێکڕاى تەمەنیان 71 ساڵ بووە، دابەشیان کردوون بەسەر سێ گرووپدا:
گرووپى یەکەم، بۆ ماوەی ساڵێک بەرزکردنەوەى قورسایی دەکەن.
گرووپى دووەم، ڕاهێنانی مامناوەند ئەنجام دەدەن.
گرووپى سێیەم، هیچ وەرزشێکی زیادە ناکەن تەنیا چالاکییەکانی ڕۆژانەی نەبێت.
لە سەرەتای توێژینەوەکەدا پێوانەى هێزی ئێسک و ماسوولکەکان و ئاستی چەوریی لەش کرا، پاشان دووبارە تا ماوەى چوار ساڵ بەمشێوەیە چاودێری بۆ سەر کەسە بەتەمەنەکان بەردەوام بوو.
دوای چوار ساڵ، شارەزایان بۆیان دەرکەوت، ئەوانەی لە گرووپی یەکەم بوون بە تێپەڕبوونی کات هێزی قاچەکانیان پاراستووە، لە کاتێکدا ئەوانەی وەرزشیان نەکردووە یان وەرزشیان بە ڕێکوپێکى نەکردووە، هێزیان لەدەستداوە.
توێژەران دەڵێن، ئەو کەسە بەتەمەنانەی کە لە کاتی خانەنشینیدا ڕاهێنان دەکەن و بەرگرییەکی توندیان هەیە، کارکردنی ماسولکەکانیان پارێزراو دەبێت.