جله‌ سپییه‌ بووكێنییه‌كه‌ی بۆی بووه‌ كفن

:: PM:02:23:20/06/2024 ‌
له‌ رووداوێكی ده‌گمه‌ن و كاره‌ساتاوی، بووكێكی میسر له‌ كاتی ئاهه‌نگی هاوسه‌رگیرییه‌كه‌ی و دروست له‌ كاتی وێنه‌گرتن له‌گه‌ڵ زاواكه‌، تووشی هه‌ناسه‌ته‌نگی ده‌بێ و له‌گه‌ڵ گواستنه‌وه‌ی بۆ نه‌خۆشخانه‌، گیانی له‌ ده‌ست دا.

پێگه‌ی "ئیلاف" ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م 20ی حوزه‌یران بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، میدیاكانی میسر به‌ مانشێتی "جله‌ سپییه‌ بووكێنییه‌كه‌ی بۆی بووه‌ كفن"، هه‌واڵی كاره‌ساتاویی مردنی ئه‌و بووكه‌یان بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ كاتی ئاهه‌نگی هاوسه‌رگیرییه‌كه‌ی و وێنه‌گرتن له‌گه‌ڵ زاواكه‌، تووشی جه‌ڵته‌ی دڵ ده‌بێت و ده‌ستبه‌جێ بۆ نه‌خۆشخانه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌، له‌وێش گیانی له‌ ده‌ست دا.

ئاماژه‌ دراوه‌ كه‌ ناوی بووكه‌كه‌ "نانسی میخائیل یونان مه‌رقس /19 ساڵ/" بووه‌، له‌ كاتی ئاهه‌نگی هاوسه‌رگیرییه‌كه‌ی له‌ یه‌كێك له‌ گونده‌كانی بنی مه‌زار له‌ پارێزگای ئه‌لمنیای میسر، جلی سپیی بووكێنیی پۆشی و له‌گه‌ڵ زاواكه‌ی و كه‌سوكاری هه‌ردوولا، به‌ره‌و یه‌كێك له‌ كه‌نیسه‌كان ده‌چوون و له‌ به‌رده‌م كه‌نیسه‌كه‌ ویستوویانه‌ هه‌ندێك وێنه‌ بگرن، له‌وكاته‌دا تووشی هه‌ناسه‌ته‌نگی ده‌بێ و ده‌ستبه‌جێ به‌ره‌و نه‌خۆشخانه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌، له‌وێ گیانی له‌ ده‌ست دا و پزیشكان گوتوویانه‌ تووشی جه‌ڵته‌ی دڵ بووه‌.

ئه‌و رووداوه‌ خه‌ماوییه‌ بۆ كه‌سوكاری هه‌ردوولای بووك و زاوا، جۆرێك له‌ شۆك بووه‌ و پێگه‌ی "میسری ئه‌مڕۆ" بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، رووداوه‌كه‌ له‌ ئاستێكدایه‌ ته‌واوی ناوچه‌كه‌ی تووشی خه‌مباری كردووه‌، بۆیه‌ له‌ زۆربه‌ی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، وێنه‌ی ئه‌و بووكه‌ بڵاو بووه‌ته‌وه‌ و هاوخه‌می بۆ كه‌سوكاری ده‌نێرن.

لیوا محه‌مه‌د مسته‌فا زه‌بش به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی پارێزگای ئه‌لمنیا، له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی "مصر المحبه‌" نامه‌ی بۆ هاتووه‌ و تێیدا هاتووه‌، له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی نانسی میخائیل بۆ نه‌خۆشخانه‌كه‌، ده‌ركه‌وت تووشی جه‌ڵته‌ی دڵ بووه‌ و هه‌موو هه‌وڵه‌كانیان بۆ رزگاركردنی، شكستیان هێناوه‌، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌وان بوو بۆ رزگاركردنی كردیان، به‌ڵام چاره‌نووس وابوو كه‌ گیان له‌ ده‌ست بدات.
 


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د