لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو نێردراوی تایبەتی ئەمەریكا بۆ لبنان لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە كۆبووەوە، ئەو دووپاتی لە پێویستیی كۆتاهاتنی هێرشەكانی حزبوڵا بۆ سەر ئیسرائیل و چارەسەركردنی بابەتەكە بە شێوەیەكی دیپلۆماسی كردەوە، هاوكات هەڕەشەی لە بەرپرسانی لبنان كرد كە ئەگەر حزبوڵا هێرشەكانی نەوەستێنێت، پاڵپشتی لە هێرشێكی ئیسرائیل بۆ سەر لبنان دەكەن.
لە چەند رۆژی رابردوو ئامۆس هۆكستین، نوێنەری تایبەتی ئەمەریكا بۆ لبنان سەردانی بەیرووتی كرد، چاوی بە بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە كەوت و دووپاتی لە پێویستی كۆتاهاتنی شەڕی نێوان حزبوڵای لبنانی و ئیسرائیل بە شێوەیەكی دیپلۆماسی كردەوە، بەپێی راپۆرتێكی دەستەی پەخشی ئیسرائیلی "كان"، ئەو نێردراوەی ئەمەریكا بە بەرپرسانی لبنانی گوتووە كە ئەگەر هێرشە رۆژانەییەكانی حزبوڵا بۆ سەر باكوری ئیسرائیل نەوەستێت، رەنگە ببێتە ئامانجی ئۆپراسیۆنێكی سنوورداری سەربازیی ئیسرائیل.
هۆكستین روونی كردەوە، دۆخەكە پێویستی بە چارەسەرێكی دیپلۆماسیانەیە بۆ ناچاركردنی حزبوڵا بۆ پاشەكشەكردن لە سنوورەكانی ئیسرائیل، ئەگینا ئەگەری هەیە ئیسرائیل بە پاڵپشتیی ئەمەریكا هێرشێكی سنووردار بكاتە سەر لبنان، ئەوە لەوكاتەی نێردراوەكەی ئەمەریكا ماوەی چەند رۆژێكە بە مەبەستی كۆتاهێنان بە ئاڵۆزییەكانی نێوان حزبوڵای لبنانی و ئیسرائیل لە ناوچەكەیە.
ئیسرائیل داوا لە حزبوڵا دەكا بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچە سنوورییەكان لەگەڵ لبنان، دەبێت لە سنوورەكانی بكشێتەوە، ئەگینا رووبەڕووی فرەوانكردنی هێرشەكانی دەبێتەوە، بەر لە جەژنی قوربانی فەرماندەیەكی باڵای حزبوڵای كوشت، لە دوای هێرشەكەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی تشرینی یەكەمی 2023ەوە تا ئێستە 478 لبنانی بە دەستی سوپای ئیسرائیل كوژراون، لەوانە 312 فەرماندە و بەرپرس و ئەندامی حزبوڵای لبنانین، لەوكاتەی 15 سەربازی ئیسرائیلی كوژراون.