بەشەخۆراكی مانگی نیسان و ئاردی مانگی ئایار دابەش دەكرێن

:: PM:09:43:20/06/2024 ‌

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت كە دەست بە دابەشكردنی بەشەخۆراكی مانگی چوار و ئاردی مانگی پێنجی ئەمساڵ كراوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم، 20ی حوزەیرانی 2024، نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی لە وەزارەتی بازرگانیی حكوومەتی هەرێم بە "وشە"ی راگەیاند، ئێستە لای بریكارەكانی خۆراك بەشەخۆراكی مانگی چوار بەسەر هاووڵاتییان دابەش دەكرێت، هەروەها بەشەئاردی مانگی پێنجیش لەلایەن بریكارەكانی ئارد دابەش دەكرێت.

زیاتر گوتی، ئاردەكە زۆر باش و بەكوالێتییە، پێش دابەشكردنی بەكار هێنراوە و بۆ نانكردن زۆر گونجاوە، بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەكەین بەكاری بێنن.

باسی لەوەش كرد، بۆ ئەم مانگە هەر یەكە لە مادەكانی برنج و دۆشاوی تەماتە بڕەكەیان كەم كراوەتەوە، دۆشاوی تەماتە بۆ مانگێك 400 گرامە بۆ یەك كەس، بەڵام ئەگەر 800 گرامی پێ بدرێت بۆ دوو مانگە، بۆ ئەم مانگەش لە بری لەتكەنۆك نیسك دابەش دەكرێت.

لای خۆیەوە ئەكرەم ساڵح، بریكارێكی خۆراك بە "وشە"ی راگەیاند، بۆ ئەم مانگە نیو كیلۆ برنج بۆ هەر كەسێك كەم كراوەتەوە، دۆشاوی تەماتەش پێشتر هەر كەسێك دانەیەكی گەورەی هەبوو ئەم مانگە هەر كەسێك قوتوویەكی بچوكی هەیە، جیا لەوانە لە بری لەتكەنۆك نیو كیلۆ نیسك دابەش كراوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل