گوتەبێژی حكوومەت: بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی كۆچبەرەكان هەرچی پێویست بێت دەیكەین

:: PM:10:47:20/06/2024 ‌

گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی كرد كە مەسروور بارزانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران لایەنە پێوەندیدارەكانی لە وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوە راسپاردووە، كە هەرچی دەكرێ بۆ یارمەتیدانی كۆچبەرە رزگاربووەكان و گەڕاندنەوەی تەرمی كۆچبەرە كوردەكانی ئیتاڵیا ئەنجامی بدەن.

ئەمڕۆ پێنجشەم پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حكوومەتی هەرێم بە كوردستان24ی راگەیاند، دۆسیەی ئەو كۆچبەرانەی لە چەند رۆژی رابردوو لە كەناراوەكانی ئیتاڵیا یەختەكەیان نوقم بوو، بووەتە كەیسێكی یاسایی و حكوومەتی ئیتاڵیا مامەڵەی لەگەڵدا دەكات، بۆ ئەو مەبەستەش لەسەر راسپاردەی مەسروور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئێستە تیمێكی حكوومەتی هەرێم لەو وڵاتەیە.

زیاتر گوتی، بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی قوربانییەكان، هەموو رێوشوێنێكی پێویست دەگیرێتە بەر و لەسەر ئەركی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كار بۆ گەڕاندنەوەیان دەكرێت، ئەمەش چەند رۆژێكی پێویستە تا دۆسیەكانیان لە دادگای ئیتاڵیا یەكلا دەبێتەوە.

هەورامانی روونی كردەوە، تیمەكەی حكوومەتی هەرێم لە ئیتاڵیا سەردانی نەخۆشخانە و دادگایان كردووە، ئەوانەشیان بینیوە كە لە رووداوەكە رزگار بوون و ژمارەیان 11 كەسە و حەوتیان كوردن.

لەبارەی ژمارەی قوربانییەكانەوە گوتەبێژی حكوومەت ئاماژەی كرد، تا ئێستە ژمارەیان 20 كەسە، لەوانە شەش پیاو و شەش ئافرەت و هەشت منداڵ، حكوومەتی هەرێم ئەركی سەر شانی خۆی جێبەجێ دەكا و هەرچی پێویست بێت لەو كەیسە ئەنجامی دەدات، كە بەهۆی تەماحی ژمارەیەك قاچاخچی ژمارەیەك هاووڵاتی بوونە قوربانی.

شایەنی باسە 17ی ئەم مانگە یەختێكی كۆچبەران لە ئاوەكانی نزیك ئیتاڵیا تێك شكا و دەیان كۆچبەر، كە بەشێكیان كورد بوون بێسەر و شوێن بوون، لە 18ی مانگ فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێم رای گەیاند كە لەسەر راسپاردەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەكان لە حكوومەتی هەرێم، هاوكات لە رێگەی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێم لە ئیتاڵیا، لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەكانی ئەو وڵاتە لە پێوەندیدایە، وێرای پێكهێنانی ژوورێكی ئۆپراسیۆن بۆ ئەوەی لە نزیكەوە چاودێریی دۆخەكە و بەدواداچوون بكا تا هەرچی پێویستە بۆ قوربانیان ئەنجام بدات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل