ئەو حاجییانەى گیانیان لە دەست داوە بەشێوەى کاتى بە خاک دەسپێردرێن

:: AM:09:04:21/06/2024 ‌
كونسوڵگەی عێراق لە شارى جەدە بڵاوی كردەوە، لەبەر زۆری ژمارەی گیان لە دەستدانی حاجییانی عێراقی، سعوودیە ناچار بووە حاجییە كۆچكردووەكان بەشێوەی كاتی "بەئەمانەت" بە خاك بسپێرێت. دووپاتیشی كردووەتەوە، بە نووسراو پەلەیان لە بنكەكانی پزیشكی شەرعی و پۆلیسی مەكە كردووە بۆ دەرهێنانی وەفاتنامەى حاجییە عێراقییەكان. 

كونسوڵگەی عێراق لە جەدە لە بەیاننامەیەكدا، سەرەخۆشی لە ماڵبات و كەسوكاری ئەو حاجییانە دەكات كە گیانیان لە دەست داوە، ئاماژەیشی كردووە، زیادبوونی ژمارەی گیان لە دەستدانی حاجییان بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما بووە لە وەرزی حەجی ئەمساڵدا. 

لە بەیاننامەكەدا زیاتر هاتووە، سعوودیە ناچار بووە بەهۆی زۆرى ژمارەی گیان لە دەستدانی حاجییان، حاجییەكان بەشێوەی "ئەمانەت" بەخاك بسپێردرێن و لەگەڵ لایەنەكانی سعوودیەش لەسەر هێڵن كە بە ئارەزووی كەسوكارییان، تەرمەكانیان لە سعوودیە بنێژرێت یا بهێندرێنەوە عێراق. 

جێگەی ئاماژەیە، ئەمساڵ ژمارەی گیان لە دەستدانی حاجییەكان لە وەرزی حەجدا گەیشتە هەزار و 81 حاجی، بەپێی تێبینییەكان زۆربەی ئەوانەی گیانیان لە دەست داوە، ئەو حاجییانەن كە بە ڤیزەی ساڵی و گەشتیارییەوە حەجییان كردووە.


وشە - رزگار خدر