سزاى یاسایی ئەو کەسە چییە کە هەوڵى دا ملى کچێک ببڕێ؟

:: PM:01:04:21/06/2024 ‌
شەوى ڕابردوو پێنجشەم 20ى حوزەیران، لە شارەدێی بەحرکەى شارى هەولێر، دوای ئەوەی کوڕێک چەند جارێک دەچێتە داوای کچێک و نایدەنێ، کوڕەکە لەناو بازاڕی بەحرکە چەقۆیەک لە ملی کچەکە دەدات و هەوڵ دەدات ملى ببڕێ، بەڵام زوو بەهانایەوە دەچن و کچەکە بەپەلە دەگەیەننە نەخۆشخانە و ئێستە لەژێر چاودێری چڕ دایە و زیاتر لە 120 تەقەڵ ملى دووراوەتەوە.

لەبارەى سزاى ئەم تاوانە، پارێزەر شەهێن ڕەشید بە "وشە"ى گوت، ئەم کردارە لە توخمی تاوانکاری پێی دەگوترێت هەوڵدان بۆ کوشتن واتە "الشروع بالقتل"، کە ئەمەیش سزاکەی کەمتر نییە لە تاوانی کوشتن، بەڵام لەبەرئەوەى لە کۆتایی پرۆسەی تاوانکارییەکە، کوشتن نایەتەدى بەهۆکارێکى دەرەوەى ویستى تاوانبارەکە، سزاکەی سووکتر دەبێت لەوەى کە لە مادەکانى 405 و 406ى تایبەت بە تاوانى کوشتن لە یاساى سزادانى عێراقی هاتووە.

زیاتر گوتى، یاسای سزادان لە مادەی 30دا، پێناسەی "الشروع"ى کردووە بەوەى "مەبەست لێی ئەنجامدانی تاوانێکی گەورە یان تاوانێکی بچووک ئەگەر بوەستێنرێت یان تاوانەکە بە کوشتن کۆتایی نەیەت بە هەر هۆکارێک  کە بەدەر بێت لە ویستى تاوانبار".

ئەم پارێزەرە پایەکانى ئەم جۆرە تاوانەى ڕوونکردنەوە و گوتى، پڕۆسەکە سێ پایەی بنەڕەتی هەیە کە بریتین لە، دەست پێ کردن و جێبەجێکردن، نیازی ئەنجامدانی تاوان هەروەها تەواونەبوونى تاوانەکە بە هۆکارێک کە لەدەرەوەی کۆنترۆڵی تاوانبار و ویستى بێت.

لەبارەى سزاى ئەم جۆرە تاوانە پارێزەر شەهێن دەڵێ، بەپێی مادە 31ی یاساى سزادانى عێراقی، هەوڵدان بۆ تاوانی کوشتنى بەئەنقەست بەمجۆرە گونجاندنى بۆ دەکرێت، کە ئەگەر سزاى تاوانەکە لەسێدارە دان بێت، ئەوا سزاى هەوڵدان بۆ کوشتن دەبێتە زیندانیی هەتاهەتایی. بەڵام ئەگەر سزاى تاوانەکە زیندانیی هەتاهەتایی بێت، ئەوا سزاى هەوڵدان بۆ تاوانەکە دەبێتە زیندانیکردنی کاتی بە ماوەیەک کە لە 15 ساڵ زیاتر نەبێت.


وشە - رزگار خدر