عێراقییەك ویستی شارێكی ئەڵمانیا بتەقێنێتەوە

:: PM:04:26:21/06/2024 ‌

هێزی تەناهیی ئەڵمانیا، پلانێكی تەقینەوەیان پووچەڵ كردەوە كە لەلایەن ڕێكخراوی داعشەوە پلانی بۆ داڕێژرابوو، سەردەستەی تیمەكەش عێراقی بووە.

ئەمڕۆ هەینی، 21ی حوزەیران، ئاژانسەكانی هەواڵ لە ئەڵمانیا ڕایان گەیاند، لە شاری كارلسرۆ، بڕیاری گرتنی گەنجێكی عێراقیی ئەندامی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش دراوە، بە تۆمەتی ئەوەی ویستوویەتی تەقینەوە بكات.

بەپێی زانیاریی ئەو سەرچاوەیە، ئەو كەسە لە ساڵی 2016 چووەتە ناو ڕێكخراوەكەوە و لەگەڵیاندا شەڕی كردووە، پاشان لە تشرینی یەكەمی 2022 چووەتە ئەڵمانیا و هەر لەو وەختەوە پلانی هێرشی داناوە.

ئاژانسی ئێس دەبڵیو ئاڕی ئەڵمانی دەڵێت، ئەو گەنجە عێراقییە هیچ ئامانجێكی دیاریكراوی نەبووە، تەنیا مەبەستی بووە تەقینەوە بكات و دۆخی سەقامگیریی شارەكە تێك بدات.



وشە - عەبدوڵا عومەر