لە بەیانیی ئەمڕۆوە تا ئێستا چوار حاجی تر مردوون و ژمارەی حاجییە كۆچكردووەكان بۆ 23 حاجی بەرز بووەوە كە زۆربەیان ئەوانەن كە بە ڕێگەی نایاسایی چوونەتە حەج.
ئەمڕۆ هەینی، 21ی حوزەیران، كاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، ئەمڕۆ تەرمی چوار حاجی دیکەی هەرێمی کوردستان لە شاری مەکە دۆزرانەوە و ژمارەی حاجییانی كۆچكردووش گەیشتە 23 حاجی.
ئەمانە ناوی حاجییە مردووەكانن:
سافیە تاهیر، دانیشتووی قەزای بەردەڕەش.
خالیدە عەباس، دانیشتووی ئیدارەی گەرمیان.
ئازاد حەسەن، دانیشتووی ئیدارەی سۆران،
دڵخواز قادر، دانیشتووی قەزای شەقڵاوە.
هەر ئەمڕۆ لە راگەیەنراوێکدا وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئاینیی هەرێمى کوردستان ڕاى گەیاند، دوای هەوڵ و تێکۆشانەکانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەڕێگەی نوێنەری تایبەتی وەزارەت، بۆ ئەو هاووڵاتی و هاونیشتیمانییانەی، کە بە ڕێگای ڤیزای ساڵی گەشتی سعوودیەیان کردووە و گیریان خواردووە لە مەرزی عەرعەر، رەزامەندی وەرگیراوە بۆ ئەوەی بتوانن بگەڕێنەوە وڵات.
پێشتر كونسوڵگەی عێراق لە شارى جەدە بڵاوی كردەوە، لەبەر زۆریی ژمارەی گیانلەدەستدانی حاجییانی عێراقی، سعوودیە ناچار بووە حاجییە كۆچكردووەكان بەشێوەی كاتی "بەئەمانەت" بە خاك بسپێرێت. دووپاتیشی كردووەتەوە، بە نووسراو پەلەیان لە بنكەكانی پزیشكی شەرعی و پۆلیسی مەكە كردووە بۆ دەرهێنانی وەفاتنامەى حاجییە عێراقییەكان.