هونەرمەندێكی میلی كۆچی دوای كرد

:: AM:09:39:26/06/2024 ‌
هونەرمەندی میلیی كریستیانەكانی سنووری كۆیە "سەخەریا هەرمۆتەیی" كۆچی دوایی كرد. 

سەخەریا عیسا هەرمۆتەیی ساڵی 1948 لە دایك بووە و گۆرانی بە زمانەكانی كوردی و سریانی تۆمار كردووە، ماوەی چەندان ساڵ بوو لە سوید دەژیا.

د. هاوژین سڵێوە لە لێدوانێكیدا بۆ "وشە" گوتی، هونەرمەند سەخەریا عیسا هەرمۆتەیی، نیوەڕۆی دوێنێ سێشەم بەهۆی جەڵتەی دڵەوە لە شارەدێی عەینكاوە كۆچی دوایی كرد.
 
سەخەریا هەرمۆتەیی لە ساڵی 1996ـەوە لە سوید دەژیا و زۆرجار دەگەڕایەوە كوردستان. هاوژین سڵێوە دەڵێت، ماوەیەكی زۆر لە كوردستان دەمایەوە، چونكە هەمیشە دڵی بە كوردستان دەكرایەوە، ئەم جارەش بە سەردان گەڕابووەوە.

 هاوژین سڵێوە دەڵێت، "مامم سەتان گۆرانیی فۆلكلۆری كوردیی لەبەر بوو و ژمارەیەكی زۆریشی تۆمار كردووە".
 



وشە - سۆران عەزیز