دوای 54 ساڵ حەسەن زیرەك ملیۆنان گوێگری هەیە و پەیكەری بۆ دروست دەكرێت

:: PM:01:48:26/06/2024 ‌
حەسەن زیرەك دیارترین هونەرمەند و گۆرانیبێژی كوردە و خاوەنی هەگبەیەكی دەوڵەمەندە لە ئاوازی كوردیدا، دوای چەندان ساڵ خزمەت و پێشكەشكردنی چەندان گۆرانی، 26ی حوزەیرانی 1972 كۆچی دوایی كردووە.

شاخەوان سدیق بەڕێوەبەری دامەزراوەی كەریمی عەلەكە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ماوەی دوو مانگە دەست بە دروستكردنی پەیكەرێك كراوە بۆ هونەرمەند حەسەن زیرەك، پەیكەرەكەش  بە سپۆنسەری دامەزراوەی كەریمی عەلەكە و بە پشتیوانی دارایی تەها ڕەسووڵ لەلایەن هونەرمەند چێنەر نزارەوە پەیكەرەكە دروست دەكرێت. 

شاخەوان گوتی، 50% كارەكانی پەیكەرەكە تەواو بووە و بڕیارە لە چەند مانگی داهاتوودا پەردەی لەسەر لابدرێت و لە شوێنێكی شیاو لە سلێمانی دابنرێت.

ناوی حەسەن عەبدوڵایە و بە حەسەن زیرەك ناسراوە، لە 29ی تشرینی دووەمی ساڵی 1921 لە بۆكان لە دایك بووە، بەگوێرەی بەڵگەنامەی لەدایكبوون و خەڵكی ناوچەی بۆكان و بنەماڵەكەی، حەسەن زیرەك لە ساڵی 1921 لە گەڕەكی قەڵا لە شاری بۆكان لە پارێزگای ورمێ چاوی بە دنیا هەڵهێناوە. 

توێژەری كورد محەمەد حەمەباقی، لە فیلمێكی بەڵگەنامەییدا بە ناوی "گەروویەكی ناوازە"، ئاماژە بەوە دەدات كە "زیرەك عوودژەن بووە، هەمیشە هەوڵی داوە ئەو گۆرانییانەی كە دەیانچڕێ، لە ڕووی هونەرییەوە ساز و لەبار بن، ئەمە هۆكارێكی سەرەكی سەركەوتنی زیرەك بوو".

زیرەك خاوەنی ژمارەیەكی زۆری گۆرانییە، كەم كەس هەیە وەك ئەو لەناو هەموو چین و توێژێكی كوردستاندا گوێی لێ گیرابێت، ڕەنگە لە 50 ساڵی ڕابردوودا كەس نەبووبێت بەقەد زیرەك گوێگری لە هەموو ئاستەكاندا هەبووبێـت، یان تەمەنی هونەری ئەوەندە درێژ بووبێت.
 

زیرەك رۆژی 26ی حوزەیرانی 1972، لە تەمەنی 51 ساڵیدا، لە بانەی زێدی خۆی كۆچی دوایی دەكات و میراتێكی دەوڵەمەندی مەقام و گۆرانی كوردیی بەدوای خۆیدا جێدەهێڵێت.



وشە - سۆران عەزیز