پێوەندیی نیگەرانبوون و تووشبوون بە پاركنسۆن چییە؟

:: PM:07:44:01/07/2024 ‌

توێژینەوەیەكی نوێ دەری خست كە كەسانی نیگەران و رارا، بەتایبەتی ئەوانەی تەمەنیان لە سەرووی 50 ساڵە، ئەگەری تووشبوونی زیاتریان بە نەخۆشی پاركنسۆن (پەككەوتەیی لەرزۆكی)، بە رێژەی دووهێند هەیە.

رۆژنامەی "واشنتن پۆست"ی ئەمەریكی ئاماژە دەكات كە توێژەران لە بەریتانیا داتای 109.435 هەزار كەسی تەمەن سەرووی 50 ساڵیان شی كردەوە، لەوانەی لەنێوان ساڵانی 2008 بۆ 2018 تووشی یەكەم نۆرەی نیگەرانی بووبوون، ئەوانیان لەگەڵ گرووپێكی تری 987.691 هەزار كەس كە نیگەرانیان نەبوو بەراورد كرد، دەركەوت لەماوەی 10 ساڵ لەوانەی نیگەرانیان هەبووە331 یان تووشی پاركنسۆن بوون، تووشبوونیشیان دوای پێنج ساڵ بووە لە یەكەم نۆری نیگەرانی تووشی بوونە.

بۆیە دەركەوت ئەوانەی نیگەرانن، ئەگەری تووشبوونی زیاتریان بە رێژەی دووهێند بە نەخۆشی پاركنسۆن (پەككەوتەیی لەرزۆكی) هەیە، كە نەخۆشییەكە تووشی كۆئەندامی دەمار دێت، نیشانەكانی بە لەرزینی دەست دەست پێ دەكا و دەبێتە هۆی سستبوونی توانای جووڵانەوە، دووەم بڵاوترین شێوانی كۆئەندامی دەمارە لە ئەمەریكا و ملیۆنێك هاووڵاتیی هەیانە.

توێژینەوە نوێیەكان ئەوشیان دەرخستووە كە چەند هۆكارێكی تر پێوەندییان بە تووشبوون و پەرەسەندنی پاركنسۆنەوە هەیە، لەوانە خەمۆكی و شێوانی نوستن و شەكەتی و لاوازیی هۆشیاری و درككردن و پەستانی خوێن و لاوازیی هاوسەنگی و هیتریش.     




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل