كەسانێكی زۆر بۆ زاڵبوون بەسەر كێشەی لاوازیی توانای سێكسی پەنا بۆ بەكارهێنانی ڤیاگرا و هاوشێوەكانی دەبەن، ئەو دەرمانە سوود و كاریگەریی لەو بوارەدا سەلمێنراوە، بەڵام كەسانێك رەنگە بێ بوونی پێویستی و بۆ زیاتركردنی توانا و چێژوەرگرتن پەنای بۆ دەبەن، ئەوەش كاریگەریی نەرێنی خۆی هەیە.
رایفتی پۆل، پزیشكی پسپۆڕی رێڕەوی میز لە كلیفلاند كلینیك وریایی لە بەكارهێنانی ڤیاگرا بێ بوونی پێویستی و تەنیا بۆ زیاتر چێژبینین دەدات، بەتایبەتی كە ئێستە دەرمانەكانی بەهێزكردنی توانای سێكسی زۆر بڵاون و لە ئینتەرنێت رێكلامیان بۆ دەكرێت، ئەو باسی مەترسییەكانی ئەو حاڵەتە دەكات كە بریتین لە:
*لەگەڵ دەرمانەكانیتر كارلێك دەكات، ئەو پزیشكە ئاماژە دەكات كە ڤیاگرا و جۆرەكانیتری پەستانی خوێن نزم دەكەنەوە، بۆیە وەرگرتنی لەگەڵ دەرمانیتری هەمان كاریگەری، مەترسیدارە.
*دروستبوونی رەقییەكی درێژخایەن و بەئازاری چووك، وەرگرتنی بەردەوامی ڤیاگرا مرۆڤ تووشی رەقبوونی بەردەوام و بەئازاری چووكی دەكات، كە رەنگە چەند سعاتێك بەردەوام بێت و ببێتە هۆی تێكچوونی بەردەوامی ئەندامی نێرینە، ئەگەرچی ئەو حاڵەتە كەمە.
*رەنگە لەسەری رابێت و بێ ئەوە نەتوانیت سێكس بكات، چونكە پەنابردنی بەردەوام بەر لە هەر پرۆسەیەكی سێكس، ئەو بیرۆكە لە مێشك جێگیر دەكات كە بێ ڤیاگرا ناتوانرێت سێكس بكرێت، ئەوەش كاریگەریی نەرێنی لەسەر دەروون دروست دەكا و مرۆڤ تووشی نیگەرانی دەبێت.
*نەبوونی زانیاری لەبارەی پێكهاتەی دەرمانەكە، رەنگە ڤیاگرا لە رێگەی ئینتەرنێت و ئۆنلاینەوە بكڕدرێت، بێ ئەوەی ئەو كەسە لە سەرچاوەكەی دڵنیا بیت، كە رەنگە لە رووی پێكهاتەوە لە جۆرێك بۆ یەكێكی تر جیاواز بێت.
ئەو وریاكردنەوە لەكاتێكدایە كە چەند توێژینەوەیەك باسی ئەوە دەكەن كە ڤیاگرا بۆ تەندروستیی پیاو باشە كاریگەریی باشی تری هەیە، وەك بچووككردنەوەی لووی شێرپەنجەیی و كەمكردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە ئەلزەهایمەر، تەنانەت زانایانی فڕەنسا باسی ئەوە دەكەن ڤیاگرا یارمەتی درێژكردنی تەمەن دەدات.