كتێبخانەی گشتیی سلێمانی ئاماری كار و چالاكییەكانی مانگی حوزەیرانی بڵاو كردەوە رای گەیاند، لەو مانگەدا 378 كەس سەردانی كتێبخانەیان كردووە.
كتێبخانەی گشتیی سلێمانی لە راگەیەنراوێكیاندا ئاماژە بەوە دەكەن، كۆی سەردان و میوانانی كتێبخانەی گشتیی سلێمانی بۆ مانگی شەش، تەنیا 378 كەس بوون، 201 كەس لە ڕەگەزی نێر و 177 كەس لە ڕەگەزی مێ بوون. لەو ژمارەیەش داوای 186 كتێب كراوە.
بەڕێوەبەرایەتیی كتێبخانەی گشتیی سلێمانی ئاماژەی بەوەش داوە، لە مانگی شەشدا 65 ژمارەی سپاردنی بەخشیوە بە بڵاوكراوەكان.
لە بڵاوكراوەكەی كتێبخانەی گشتیی سلێمانیدا هاتووە، كۆی سەردان و میوانانی كتێبخانەی گشتیی سلێمانی و كتێبخانە گشتییەكانی سەربە بەڕێوەبەرێتیەكەمان بۆ مانگی شەش، هەزار و 69 كەس بوون كە 594 كەس لە ڕەگەزی نێر و 475 كەس لە ڕەگەزی مێ بوون.
سلێمانی بە شاری رۆشنبیری و هونەری لە باشووری كوردستان ناسراوە، بەڵام ئەو ژمارەی كتێبخانەی گشتی بڵاوی كردووەتەوە، پێمان دەڵێت دۆخی كتێب لەو شارەدا خراپە، چونكە سلێمانی ڕێژەی دانیشتووانی زۆرە، لە دواین ئاماری 2016دا ژمارەی دانیشتووانی ئەم پارێزگایە بە دوو ملیۆن و 110 هەزار كەس مەزندە كراوە.