ئەمەریكا دەرمانێكی نوێی بۆ چارەسەری زەهایمەر پەسند كرد و رووسیاش دەڵێت، ڤاكسینی چارەسەری شێرپەنجەمان بەرهەم هێناوە و ڤاكسینەكە سەركەوتوو بووە.
ئیدارەی خۆراك و دەرمانی ئەمەریكا،"FDA" ڕەزامەندیی لەسەر دەرمانی "كیسۆنلا"ـی بۆ چارەسەركردنی نەخۆشیی پێشوەختەی لە بیرچوونەوە "زەهایمەر" دەربڕیوە، كە لەلایەن كۆمپانیای "ئێلی لیلی" بۆ دەرمان بەرهەم دەهێنرێت.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی "واشنتن پۆست"ی ئەمەریكی، "كیسۆنلا" تێكچوونی مەعریفی و كارایی لە تووشبووانی زەهایمەردا خاو دەكاتەوە، بەڵام چارەسەری نەخۆشییەكە ناكات، بەو پێیەی مانگانە جارێك دەرمانەكە لە ڕێی خوێنبەرەوە دەدرێت.
تێچووی ماوەی شەش مانگی چارەسەركردن بە دەرمانی "كیسۆنلا"، بە نزیكەی 12 هەزار و 522 دۆلار مەزەندە دەكرێت، لە كاتێكدا تێچووی ساڵێكی تەواو چارەسەركردن 32 هەزار دۆلارە.
ئەوە لە كاتێكدایە دەزگای دەستپێشخەریی تەكنۆلۆجیای نیشتمانیی رووسیا رای گەیاند، ڤاكسینێكیان بە ناوی AntionkoRAN-M دروست كردووە، لە قۆناغی یەكەمی تاقیكردنەوەكاندا لەسەر 13 نەخۆش تاقی كراوەتەوە.
ڤاكسینەكە لەلایەن كۆمپانیای بایۆتەكنۆلۆجیی رووسییەوە بەرهەم دەهێنرێت، لە قۆناغی یەكەمدا هیچ كاریگەرییەكی لاوەكیی مەترسیداری دروست نەكردووە و سەلامەتە بۆ بەكارهێنان.