پێوەندیی نێوان گەرما و خۆكوشتن چییە؟

:: PM:09:44:04/07/2024 ‌

لە وەرزی هاوینداین و پلەكانی گەرما روو لە هەڵكشانن، رۆژانە لە هەواڵەكان باسی زیادبوونی ئاستی توندوتیژی و خۆكوشتن دەكرێت، شارەزایان باسی كاریگەرییەكانی گەرمای بەرز لەسەر تەندروستیی مرۆڤ دەكەن، بەپێویستی دەزانن كە خۆیانی لێ بپارێزن، پزیشكێك وریایی لە كاریگەرییەكانی گەرمای زۆر لەسەر نەخۆشانی دەروونی دەدات.

د. ئەندریا بینێكە، سەرۆكی ژووری فیدراڵیی چارەسەركارانی دەروونیی ئەڵمانیا وریایی لە مەترسیداریی گەرمای بەهێزی هاوین لەسەر ئەو كەسانەی كێشەی دەروونیان هەیە دەدات، چونكە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی ئاستی درككردنیان و ئاكاری هەڵچوون و شەڕانگێزییان زیاتر دەكات، رەنگە كارەكە لە خراپترین حاڵەتدا بگاتە بیركردنەوەی لە زیانگەیاندن بە خۆی و خۆكوشتن. 

روونی كردەوە، ئەوانەی مەترسیی زیاتریان لەسەرە ئەوانەن بە دەست فیسام و ئاڵوودەبوون و خەڵەفان و خەمۆكییەوە دەناڵێنن، جیا لە كاریگەریی هەندێك دەرمان و چارەسەری دەروونی، وەك دژەوڕێنە و دژەخەمۆكی و دژەكۆلین، هەروەها هەندێك جۆر دەرمان هەن بەشێوەیەكی نەرێنی كار لە توانای لەش دەكەن بۆ پارێزگاریكردن لە پلەیەكی گەرمی تەندروست، لەوكاتەی پلەی بەرزیی گەرما كار لە دەرمانەكان دەكا و كاریگەرییان كەم دەكاتەوە یان كاریگەریی لابەلایان زیاتر دەكات. 

بۆ خۆپاراستن لەو كاریگەرییە خراپەش پێویستە ئەوانەی كێشە و نەخۆشیی دەروونییان هەیە لە سێبەر بمێننەوە و خۆیان لە خۆماندووكردنی زۆر بپارێزن، لەگەڵ خواردنەوەی شلە و ئاوی پێویست، لەپاڵ سەردانیكردنی پزیشكی شارەزا ئەگەر دۆخەكەیان پێویست بكات. 





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل