بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر، ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا باس لەوە كراوە، پێش چوار ساڵ، منداڵێكی تەمەن 10 ساڵ بە هەڵە مادەیەكی خاوێنكردنەوەی سووتێنەر دەخواتەوە و دەبێتە هۆی سووتان و تەسكبوونەوەی دەم و سوورێنچك ڕێرەوی خواردنی.
بەرێوەبەرایەتییەكە باسی لەوەش كردووە، ئەو منداڵە بۆ ماوەیەكی زۆر توانای خواردنی نەمابوو، جگە لە ئاو و شلەمەنی، چەندان جار بە ڕێی پێبین "نازوور" هەوڵی فراوانكردنی سوورێنچكی بۆ درا، بەڵام بێسوود بوو.
تەندروستی هەولێر دەڵێت، بریاردرا نەشتەرگەرییەكی گەورە و دەگمەنی بۆ بكرێت، كە پێكهاتبوو لە بەرزكردنەوەی گەدە و دانانەوەی ڕێرەوی خواردن، (Gastric pull up - Esophageal Replacement Surgery)، دوای مانەوەی لە بەشی چاودێریی چڕی نەخۆشخانە، بە تەندروستییەكی باش و جێگیر و دوای دەست پێ كردنەوە بە خواردنی ئاسایی، ڕەوانەی ماڵەوە كرا."
بەرێوەبەرایەتییەكە دەڵێت، تیمی نەشتەرگەری پێكهاتبوون لە پرۆفیسۆر د. هومام خەفاف پزیشكی پسپۆڕی نەشتەرگەریی منداڵان. د. سالم حامد پزیشكی پسپۆڕی سڕكار. د. زینە موئەیەد پزیشكی نیشتەجێی دێرینی نەشتەرگەریی منداڵان. د. سارا ئەنمار پزیشكی نیشتەجێی دێرینی نەشتەرگەریی منداڵان. بڕیار سدیق یاریدەدەری نەشتەرگەر، عەبدوڵا سابیر یاریدەدەری نەشتەرگەر، لوقمان محەمەد یاریدەدەری سڕكار، هۆگر یووسف یاریدەدەری سڕكار.
لە كۆتاییدا تەندروستیی هەولێر دەستخۆشی لە گشت ئەو پزیشك و كارمەندانە دەكات، كە بەشدار بوون و ماندوو بوون بۆ سەركەوتنی ئەم نەشتەرگەرییە.