بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ: بڕیاری لێخۆشبوونی بەشێك لە قەرز و پارەی ئاو بەردەوام دەبێت

:: PM:09:49:06/07/2024 ‌

حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە خزمەتكردنی هاووڵاتییان بەردەوامە، ئەوجارە بڕیاری داوە لێخۆشبوونی قەرزی ئاو و پارەی ئاو بەشێوەیەكی درێژخایەن بۆ هاووڵاتییان بەردەوام بێت تا ئەو كاتەی ئەو دۆخەی داراییەی هەرێمی كوردستان چارەسەر دەبێت، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆش ئاماژە دەكات، ئەو كارە بۆ خزمەتی خەڵكە و بەهۆیەوە هەموو خەڵك لێی سوودمەند دەبن، بڕیاری ئەمجارە درێژخایەنە و بەردەوام دەبێت.

بڕیارەكەی حكوومەت بۆ لێخۆشبوونی 20%ی پارەی ئاو، تەنیا قەرزی كەڵەكەبووی هاوبەشەكانی ئاو ناگرێتەوە، بەڵكو هەموو ئەو هاوبەشانە دەگرێتەوە كە پارەی ئاو دەدەن، راستەوخۆ لەبەردەم ماڵ یان لە بنكەی دانی پارەی ئاو لێخۆشبوونیان بۆ دەكرێت، تا ئێستەش بە دەیان هەزار كەس لەو بڕیارەی حكوومەت سوودمەند بوونە.

لەوبارەوە ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم بە "وشە"ی راگەیاند، بڕیاری ئەمجارەی لێخۆشبوونی بەشێكی پارەی ئاو لە جارەكانی پێشوو كە كراوە جیاوازە، ئەمجارە حكوومەت لە بڕیارەكەیدا دەڵێت، ئەو لێخۆشبوونە 20%یەی دەكرێت، تا ئەو كاتەی قەیرانی دارایی باش دەبێت بەردەوام دەبێت و ماوەی بۆ دیاری نەكراوە، لەكاتێكدا جارەكانی پێشوو ماوە بۆ لێخۆشبوونەكە دیاری دەكرا كە بە بەردەوام سێ مانگ بووە.

باسی لەوەش كرد، ئەوەی ئەمجارە كراوە لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانە، واتە تا ئەوكاتەی كە حكوومەت جارێكی تر بڕیارێك بۆ وەستاندنی دەردەكات، لێخۆشبوون لە پارەی ئاو و قەرز بۆ خەڵك دەكرێت، دیارە لێخۆشبوونەكە بۆ ماوەیەكی زۆر دەبێت، ئەمەش وا دەكات لەو ماوەیە هەر كەس پارەی ئاو بدات بەپێی بڕیارەكە 20%ی لێخۆشبوونەكەی بۆ دەكرێت، قەرزەكانیش بداتەوە بەهەمان شێوە ئەو لێخۆشبوونەی بۆ دەكرێت.

بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم دووپاتی كردەوە، لێخۆشبوونەكە تەنیا بۆ قەرزی ئاو نییە، واتە ئەوانەی قەرزارن، بەڵكو هەموو هاوبەشەكان دەگرێتەوە، كاتێك پسولەی ئاو دەگەڕێتەوە، ئەگەر هاوبەشەكە پارەكە بدات راستەوخۆ لەبەردەم ماڵەكەی 20% داشكانی بۆ دەكرێت، ئەمەش بۆ خزمەتی هاووڵاتییانە تا زۆرترین خەڵك ئەو بڕیارە بیانگرێتەوە، جگە لەوەی لە سەرەتای بڕیارەكەوە تا ئێستە بە سەتان هەزار كەس لە لێخۆشبوونەكانی حكوومەت، كە پێشوو 15% و ئێستە 20%یە سوودمەند بوون و ئەو هەنگاوە داهاتێكی باشیش بۆ حكوومەت دەگەڕێنێتەوە.

پێوەست بەو بابەتە سەلام عومەر، بەڕێوەبەری ئاوی راپەڕین بە "وشە"ی راگەیاند، بڕیارەكەی حكوومەت باسی ئەوەی نەكردووە كە كەی كۆتایی بەو لێخۆشبوونە دێت، بەڵكو بەردەوامە و رۆژانەش هاووڵاتییان پێوەندی بە بنكە و شوێنەكانی وەرگرتنی پارەی ئاو دەكەن و لەو بڕیارە سوودمەند دەبن و بەشێكی قەرز و پارەی ئاویان لێ وەرناگیرێت، ئەمە شتێكی باشە، بەتایبەتی ئەوەی حكوومەت ماوەی كۆتاهاتنی دیاری نەكردووە و هەركاتێك هاووڵاتی مەبەستی بێت دەتوانێت لەو بڕیارە سوودمەندبێت و لێخۆشبوونی بۆ بكرێت.

لای خۆیەوە پشتیوان مستەفا، هاووڵاتی بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، مانگی رابردوو سێ هەزار دینار پارەی ئاومان بۆ هاتووەتەوە، بەڵام چونكە لەبەردەم ماڵ پارەی ئاومان دا، راستەوخۆ 20% لێخۆشبوونیان بۆ كردین، بۆیە بە هەرچەندە پارەی ئاوت بۆ گەڕابێتەوە لێخۆشبوون دەتگرێتەوە و ئەو كارمەندەی پسولەكە دەداتەوە، ئەگەر لەبەردەم دەرگەی ماڵیش پارەكەی پێ بدەی، داشكانت بۆ دەكرێت، چونكە لەسەر پسولەكە راستەوخۆ نووسراوە.

وشە/ تایبەت  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل