"وشه‌" سۆراغی‌ عه‌تا سه‌راوی‌ ده‌كات

:: PM:03:32:07/07/2024 ‌
عه‌تا سه‌راوی‌ ئه‌ندامی‌ پێشووی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌، كه‌ هه‌ینی‌ رابردوو له‌لایه‌ن هێزێكی‌ ته‌ناهییه‌وه‌ له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی‌ سلێمانی‌ گیرا و تا ئێسته‌ ئازاد نه‌كراوه‌، "وشه‌" سۆراغی‌ ئاشكرا ده‌كات. 

رۆژی‌ هه‌ینی‌ رابردوو، عه‌تا سه‌راوی‌ له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی‌ سلێمانی‌ گیرا، هه‌ر ئه‌وكاته‌ هێزه‌ ته‌ناهییه‌كانی ئه‌و سنووره‌ رایان گه‌یاند، تۆمه‌تباره‌ به‌ ته‌قاندنه‌وه‌ی‌ ئۆتۆمبێلێكی‌ خۆی‌ له‌ناو سلێمانیدا. 

مێژووی‌ ته‌قینه‌وه‌ی‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ی‌ عه‌تا سه‌راوی‌ بۆ چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌و كاته‌ له‌ گه‌ڕه‌كی‌ سه‌رچناری‌ سلێمانی‌، ئۆتۆمبێلێكی‌ جۆری‌ پاترۆڵ له‌ به‌رده‌م چێشتخانه‌یه‌كدا ته‌قییه‌وه‌ و دواتر گوترا خۆیه‌تی‌ و سیناریۆی‌ دروست كردووه‌. 

له‌و ڕووداوانه‌دا كێشه‌ كه‌وته‌ نێوان یه‌كێتی‌ و ماڵباتی‌ سه‌راوی‌، هه‌ینی‌ رابردوو دوای‌ گیرانه‌كه‌ی‌، له‌ سه‌رای‌ سوبحان ئاغا عه‌شیره‌ته‌كه‌ی‌ سه‌راوی‌ كۆبوونه‌وه‌ و له‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانیدا، تووڕه‌یی خۆیان پێشان دا و دووپاتیان كرده‌وه‌، پێویسته‌ سۆراغی‌ عه‌تا سه‌راوی‌ ئاشكرا بكرێت. 

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م حه‌وتی‌ ته‌مووز، پێشڕه‌و عه‌تا سه‌راوی‌ كوڕی‌ عه‌تا سه‌راوی‌، به‌ "وشه‌"ی‌ راگه‌یاند، ماڵباته‌كه‌مان قوربانی‌ ده‌ستی‌ تیرۆره‌ و ناكرێت ئێمه‌ به‌ ته‌قینه‌وه‌ و تیرۆر تۆمه‌تبار بكه‌ن. 

ئه‌و له‌باره‌ی‌ سۆراغی‌ باوكی‌ گوتی‌، رۆژی‌ پێنجشه‌می‌ رابردوو، بانگ كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ باوكی‌ ببینێ‌ و بۆ ماوه‌یه‌كی‌ كه‌م بینیویه‌تی‌، به‌ڵام ئاماده‌ نه‌بوو بڵێ‌ له‌ كوێ عه‌تا سه‌راویی‌ بینیوه‌. 

له‌باره‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ زانیاریی‌ گه‌یشتووه‌ته‌ "وشه‌" كه‌ دۆخی‌ ته‌ندروستی‌ عه‌تا سه‌راوی‌ باش نییه‌، ئه‌و ئاماده‌ نه‌بوو زانیاریی‌ بدات و پێوه‌ندییه‌كه‌ی‌ داخسته‌وه‌. 

به‌گوێره‌ی‌ زانیارییه‌كانی‌ "وشه‌" عه‌تا سه‌راوی‌ له‌ شوێنێكی‌ تایبه‌ت و به‌ چاودێری‌ ئاسایشی‌ یه‌كێتی‌ گیراوه‌، به‌ڵام هێشتا زانیاری‌ پشتڕاستكراوه‌ له‌باره‌ی‌ تێكچوونی‌ دۆخی‌ ته‌ندروستیی‌ نییه‌. 

عه‌تا سه‌راوی‌ له‌ ماوه‌ی‌ رابردوودا لایه‌نگری‌ لاهوور شێخ جه‌نگی‌ بوو، دواتر گه‌ڕایه‌وه‌ لای‌ بافڵ تاڵه‌بانی‌ و وێنه‌كانی‌ له‌ سۆشیال میدیا به‌ ته‌واوی‌ بڵاون كه‌ له‌ هه‌ردوو به‌ره‌دا ده‌رده‌كه‌وێت. 
  



وشە - وشه‌