سەرەڕای دەیان تەنگژە و كێشەی قووڵی جیاجیای سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی، عێراقییەكان خەریكی جوانكارین، كێشەكە ئەوە نییە، بەڵكو ئەوەیە كە زۆرێك لە سەنتەرەكان دوور لە شارەزایی پسپۆڕیەتی ئەو كارە دەكەن و ژیانی خەڵك دەخنە مەترسییەوە، سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە دەكا كە نزیكەی هەزار سەنتەری جوانكاریی نافەرمی لە عێراق هەن و زۆرینەی لە بەغدایە، واتە لەبەر چاوی حكوومەتە.
ماجید شنگالی، سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی عێراق گوتی، پشێوی و شپرزەییەك لە سەنتەرەكانی جوانكاری لە بەغدا و پارێزگاكانی عێراق هەیە، بەڵام لە مانگەكانی داهاتوو وەزارەتی تەندروستی رێوشوێنی نوێ بۆ رێكخستنەوەی كاری ئەو سەنتەرانە دەردەكات.
روونی كردەوە، ژمارەی ئەو سەنتەرانەی بەفەرمی لەلایەن وەزارەتی تەندروستی تۆمارن دەگاتە نزیكەی 100 سەنتەری جوانكاری، هەرچی سەنتەرە نافەرمییەكانە ژمارەیان لەنێوان 900 بۆ هەزار دەبێت و زۆرینەی لە بەغدایە، بەداخەوە هەندێك نۆرینگەی تایبەتی پزیشكیش هەن وەك سەنتەری جوانكاری بەكاردێن، ئەوەش كارێكی نایاساییە.
شایەنی باسە خەڵكێكی زۆر، بەتایبەتی ژن پەنا بۆ نەشتەرگەریی جوانكاری دەبەن، لەوانە لووت و ددان و راكێشانی پێست و نەهێشتنی چرچی و لۆچیی دەموچاو و لاوازكردن و لابردنی چەوری زیادی لەش و هیتریش، كە هەندێكجار نەشتەرگەرییەكان مەترسیدارن و پێویستییان بە شارەزایی ئاست بەرزتر هەیە، لە ماوەی دواییش حكوومەتی عێراق نەشتەرگەرییەكانی جوانكاریی چاوی تایبەت كرد بە نۆرینگەكانی پزیشكیی چاو، واتە تەنیا پسپۆڕانی چاو دەتوانن كارەكە بكەن.