"پێویستیمان بە پێشكەوتنە و ناكرێ كەسانێك بۆ بەرژەوەندیی خۆیان رووبەڕووی هەژماری من ببنەوە"

:: PM:09:27:07/07/2024 ‌

"هەژماری من"، پڕۆژەیەكی پێشكەوتووی حكوومی و یاساییە، هەر ئەوەش وای كرد دادگای فیدراڵی ددانی پێدا بنێت و هیچ كێشەیەك لەبەردەم كارەكانی ئەو پڕۆژە دروست نەبێت، ئێستەش رۆژ بەڕۆژ فەرمانبەران ئەو هەژمارە بانكییە دەكەنەوە و دەیانەوێ لەو رێگەوە مووچە وەربگرن، كۆتایی بە كێشەكانی وەرگرتنی مووچە بێنن و لە رێگەی ئامێرە تایبەتەكانەوە كەی ویستیان مووچە وەربگرن.

بەرەبەرە "هەژماری من"، لە قۆناغی تەواوبوون نزیك دەبێتەوە و تا كۆتایی ئەمساڵ یەك ملیۆن فەرمانبەر خۆیان تۆمار دەكەن، ئەمەش سەركەوتنی پرۆسەكە و كۆتاهێنانە بە سیستمی كۆنی دابەشكردنی مووچە، وەزارەتی داراییش مانگانە ژمارەی ئامێرەكانی (ئەی تی ئێم) لە شار و ناوچەكانی زیاتر دەكات بۆ ئەوەی كێشەی وەرگرتنی مووچە و كەمیی ئەو ئامێرانە بۆ فەرمانبەران دروست نەبێت.

لەوبارەوە خەدیجە عومەر، شارەزای یاسا بە "وشە"ی گوت، "هەژماری من"، پڕۆژەیەكی حكوومییە و تایبەت نییە، پڕۆژەكانی حكوومەتیش یاسایین و كاتێك حكوومەت پڕۆژەیەك بۆ خەڵك رادەگەیەنێت واتە بەهایەكی یاسایی هەیە، ئەمە گرنگە بۆ ئەوەی خەڵك و فەرمانبەر ئەو شتانە بزانن، هەر ئەوەش وای كرد دادگای فیدراڵی ددانی پێدا بنێت و بڵێت كێشەی نییە، پرۆسەكە بەردەوامە و تا ئێستە سەتان هەزار فەرمانبەر خۆیان تۆمار كردووە و ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی لەو رێگەوە مووچە وەردەگرن لە 100 هەزار فەرمانبەر نزیك دەبێتەوە.

روونی كردەوە، "هەژماری من"، بۆ فەرمانبەران گرنگە، پێشتریش وەزارەتی دارایی هەرێم دڵنیایی داوە بەوەی فەرمانبەران هیچ كێشەیەكیان نابێت و هیچ كەسێكیش ناتوانێت دەستكاری هەژمارەكەیان بكات، بۆیە پڕۆژەیەكی بەهێز و گرنگە و بەهۆیەوە كۆتایی بە سیستمی دابەشكردنی مووچە بەدەست و كاغە دێنێت، پڕۆژەكە ئەلیكترۆنییە و هاوشێوەی هەموو ئەو پڕۆژانەیە كە لەوڵاتانی تر جێبەجێ دەكرێت و بەكاری دێنن و كاری لەسەر دەكەن، چەندین بانكی گەورەش بەشدارییان تێدا كردووە.

ئەو شارەزایە یاساییە ئاماژە دەكات، هەرێمی كوردستان پێویستی بەو پێشكەوتنە هەیە و ناكرێت كەسانێك لەبەر بەرژەوەندیی خۆیان رووبەڕووی ئەو پڕۆژانە ببنەوە، حكوومەت پڕۆژەی بۆ خزمەتی فەرمانبەران جێبەجێ كردووە و بۆ ئەوەیە كاری رۆتین و كێشەكانی بەردەم دابەشكردن و پێدانی مووچە و كاری بانكەكانی كەم بكاتەوە و خزمەت بە فەرمانبەران بكات، پێشتریش چەندین ئیشوكاری حكوومی لەپێناو نەمانی رۆتین و كەمكردنەوەی كێشەكان بەئەلیكترۆنی كراون.

لای خۆیەوە محەمەد عەلی، شارەزای بواری كارگیڕی بە "وشە"ی راگەیاند، رێكارەكانی پڕۆژەی "هەژماری من"، لە چوارچێوەی كارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە و وەزارەتی دارایی پێی هەڵدەستێت، بۆیە پڕۆژەكە حكوومییە و بۆ ئەوە دانراوە خزمەتی فەرمانبەر بكات، دنیا لە پێشكەوتنە و پێویستە هەرێمیش پڕۆژەیەكی لەو شێوەیەی هەبێت كە مووچە وەرگرتن و دابەشكردن بەئەلیكترۆنی بكرێت، پڕۆژەكە بۆ ئەوە بێت كە فەرمانبەران مانگانە لەكاتی خۆیاندا مووچە وەربگرن و كێشە دروست نەبێت.

پێوەست بەو بابەتە ئارام ئەحمەد، مامۆستا و رۆشنبیر بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، پڕۆژەكەی حكوومەت بۆ خزمەتكردنی فەرمانبەرانە و خۆی سەرپەرشتیی دەكات و ژمارەیەك بانك لەو پڕۆژەیە بەشدارن و چەندین بانكیش خواستیان هەیە بۆ ئەوەی بەشداری تیادا بكەن.

دووپاتی كردەوە، دادگای فیدراڵی وەڵامی نووسراوەكەی سەرۆكی حكوومەتی لەوبارەوە دایەوە كە باس لەوە دەكات فەرمانبەرانی هەرێم دەتوانن خۆیان لەو پڕۆژەیە تۆمار بكەن، وەزارەتی داراییش دایناوە تا كۆتایی ئەمساڵ ملیۆنێك فەرمانبەر خۆیان لەو پرۆسەیە تۆمار بكەن و چیتر جەنجاڵیی بانكەكان و دەستاودەستكردنی پارە لەكاتی وەرگرتنی مووچە نامێنێت.

وشە/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل