هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونییەوە، كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان روووبەڕووی كۆمەڵێك كێشەی ناوخۆیی بووەتەوە كە لەلایەن تیمی ویزاریی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە بۆی دروست دەكرا، لەكاتێكدا ئەوان بەشداری سەرەكیی حكوومەت بوون، هاوكات چەندان تەنگژە بەرۆكی هەرێمی گرت، بەڵام بە لێهاتوویی و شارەزایی سەرۆكی حكوومەت توانرا تێپەڕێندرێن و كاری زۆر گەورە و خزمەتیش بكرێت.
سەرەڕای ئەو تەنگژانەی كە بەرۆكی حكوومەتی هەرێمیان گرت، بەڵام كابینەی نۆ توانی بەپشتبەستن بە توانا و داهاتی ناوخۆییەوە ئەو سەختییانە تێپەڕێنێت و ژیانی هاووڵاتییان پارێزراو بكا و مووچەش لەكاتی خۆیدا دابەش بكات، هاوكات خزمەتگوزاری و پڕۆژە بۆ هەموو ناوچەكان دابین بكا و دەستی كار زیاد بكا و ئابووریی هەرێم ببوژێنێتەوە، بەتایبەت لە بواری كارەبا، وەبەرهێنان، شارەوانی و ئاوەدانكردنەوە و جادە و رێگەوبان و سەتان ملیار دینار بۆ پڕۆژەكان خەرج بكات.
لەو پڕۆژە گەورانەی كە بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی جێبەجێ كراون، پڕۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانییە، كە بە تێچووی 469 ملیار دینار دەست بە دروستكردنی كراوە بە سێ قۆناغ، قۆناغی سەرەتایی لە تاسڵوجە بۆ نزیك عەربەت بە تێچووی 100 ملیار دینار، هاوكات پڕۆژەی ئاوی دەرەبەندیخان بە تێچووی نزیكەی 20 ملیۆن دۆلار لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی، لەگەڵ پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە- چەمچەماڵ بە بودجەی سەرو 70 ملیۆن دۆلار، جیا لە سەتان پڕۆژەی تر لە سنوورەكە لە بوارەكانی كارەبا و رێگاوبان.
لەوبارەوە ناسر ئیسماعیل، شارەزا و مامۆستای ئابووری بە "وشە"ی راگەیاند، حكوومەت توانی بەسەر هەموو ئەو كۆسپ و كێشانەدا زاڵ بێت و بەباشترین شێوە دەستی كردەوە بە خزمەتكردنی هاووڵاتییان، بەجۆرێك كە هەموو شتێكی تێپەڕاند و ئەوەی كرد كە هەمووان بینیان، بە سەتان و هەزاران پڕۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێ كران، بودجەیەكی زۆر بۆ كەرتەكانی رێگەوبان و شارەوانی و كارەبا و ئاو و سێكتەرەكانی تر تەرخان كرا، ژێرخانی كارەبا بەرز كراوەتەوە و ئێستە سەعاتەكانی پێدانی كارەبا لە ساڵانی رابردوو زیاترە، رێگەوبانەكان تا رادەیەكی زۆر باش نوێ كراونەتەوە، پڕۆژە و كار و هەلی كار زۆر بووە و كشتوكاڵ و پیشەسازی پێشكەوتوون.
زیاتر گوتی، ئەو هەموو پڕۆژەیەی كە كراوە لەكاتێدا بووە كە حكوومەت خۆی نەوتی فرۆشتووە و داهات بەسەر مووچە و پڕۆژە و خزمەتگوزاری دابەش كراوە، هەر پڕۆژەیەك سەرەڕای ئەوەی ژێرخانی ئابووریی بەهێز دەكات، دەستی كاریش زیاد دەكا و جووڵە دەخاتە بازاڕەوە، بۆیە ئامانجی كابینەی نۆ خزمەتكردن بووە و تا رادەیەكی زۆر ئەوەی ئەنجام دراوە.
لەو پڕۆژە گرنگانەی كابینەی نۆ جێبەجێیانی كردووە، دوو پڕۆژەی گواستنەوەی وزە لە بازیانەوە بۆ رانیە و تانجەڕۆ بۆ سەیدسادق بە بەهای سەرو 44 ملیار دینار كە گەیشتوونەتە قۆناغی كۆتایی، چەندان پڕۆژەی ئاو بە بەهای سەرو 10 ملیۆن دۆلار، لەگەڵ سەتان پڕۆژەی تری خزمەتگوزاری لە سنوورەكە بە تێچووی سەتان ملیار دینار، لەگەڵ پڕۆژەی ئاوی رانیە- حاجیاوا- چوارقوڕنە بە تێچووی نزیكەی 30 ملیۆن دۆلار، پڕۆژەی پری دەربەندی رانیە كە بە رووی هاووڵاتییانی سنوورەكە كرایەوە و تێچوكەكەی 11 ملیار دینار بوو.
لای خۆیەوە سۆران هادی، هاووڵاتییەكی سلێمانی بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، حكوومەت كە دادەمەزرێت بۆ ئەوەیە خزمەتی خەڵك بكات، ئامانجی كابینەی نۆیەمیش ئەوە بوو خزمەتی خەڵك بكات، لە سەرەتاوە ئەوەی نیشان دا كە چۆن نیازی خزمەتكردن و جێبەجێكردنی پڕۆژە و خزمەتگوزارییە، چەندین پڕۆژە خرانە بواری جێبەجێكردن و سەرۆكی حكوومەت بە بەردەوام پڕۆژەی نوێی رادەگەیاند، سەردانی ناوچەكانی دەكرد و پڕۆژەی دەخستە بواری جێبەجێكردن، بۆیە ئەو هەموو پڕۆژەی لە هەرێمی كوردستان كراوە هێمایە بۆ ئەوەی خواستی حكوومەت بۆ خزمەتكردن و پرۆژە هەیە و دەیەوێ خزمەتی خەڵك بكات.
وشە/ تایبەت