سبەی سەرۆك وەزیرانی فڕەنسا دەست لەكار دەكێشێتەوە

:: PM:11:45:07/07/2024 ‌

دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی فڕەنسا بەرەی چەپ سوپرایزی كرد و پێش هەردوو بەرەی ماكرۆن و راستڕۆكان كەوتەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەم گابریال ئاتال، سەرۆك وەزیرانی فڕەنسا رای گەیاند سبەی دووشەم دەستلەكاركێشانەوەی دەداتە سەرۆكی فڕەنسا، هاوكات راشی گەیاند كە ئامادەیە بۆ مانەوە لە پۆستەكە ئەگەر پێویست بكات.

دوای ئەوەی ئەنجامە سەرەتاییەكان ئاماژەیان بۆ بردنەوەی بەری چەپ بەسەر بەرەی ناوەڕاستی ئیمانوێل ماكڕۆن، سەرۆكی فڕەنسا و بەرەی راستڕۆ كرد، كە پێشبینی بردنەوەی دەكرا، سەرۆك وەزیرانی فڕەنسا رای گەیاند كە سبەی دەستلەكاركێشانەوەی دەداتە ماكڕۆن، بەڵام بەهۆی نزیكبوونەوەی خولی یارییە ئۆلۆمپییەكان كە وڵاتەكەی مێوانداری دەكات، ئەگەر پێویست بكات لە پۆستەكە دەمێنێتەوە و ئەركەكانی بەجێ دەگەیەنێت. 

لای خۆیەوە ئیمانوێل ماكڕۆن، سەرۆكی فڕەنسا داوای وریابوونی لە شیكردنەوەی ئەنجامەكان كرد تا زانینی كێ حكوومەتی نوێ پێك دێنێت، ئەوەش لە یەكەم لێدوانی دوای هەڵبژاردنەكە، ئەو دووپاتی كردەوە كە دوای حەوت ساڵ لە دەسەڵات تا ئێستە بەرەی ناوەڕاست زیندووە، بەپێی هەواڵەكانی كۆشكی ئەلیزێ ماكرۆن چاوەڕوانی پێكهاتنی پەرلەمانی فڕەنسا دەكات بۆ وەرگرتنی بڕیاری پێویست سەبارەت بە دۆخەكە.

  شایەنی باسە بەرەی چەپەكان یان بەرەی نوێی میلی، هاوپەیمانیەتێكی فرەوانی هەڵبژاردنی حزبە چەپەكانی فڕەنسایە و تەمەنی مانگێكە، واتە دوای ئەوەی ماكرۆن داوای هەڵبژاردنی كرد لە 10ی حوزەیرانی رابردوو هاتە پێكهاتن، لە ژمارەیەك حزب پێك هاتووە، لەوانە " LFI " و پارتەكانی سۆسیالیست و سەوز و شیوعیی فڕەنسی و بزاوەكانی نەوەكان و شوێنی گشتی و ژمارەیەك حزب و كۆمەڵەی تری چەپ، بەڵام پارتی " LFI " گەورەترین حزبی بەرەكەیە و جان لوك میلنشۆنی سەرۆكی حزبەكە نزیكترین كەسە بۆ سەرۆكایەتیی بەرەكە.      



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل