خاڵی لاوازی سوپای ئیسرائیل ئاشكرا دەكرێت

:: AM:11:02:08/07/2024 ‌
سەرۆكی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل كە قسەی بۆ ئێزگەی سوپای وڵاتەكەی كردووە، ئاماژەی بەوە داوە كە گرنگە ئەو جەنگە رابگیرێت و دانوستان لەبارەی گەڕانەوەی بارمتە ئیسرائیلییەكان بكرێت كە لەلای بزووتنەوەی حەماسن. هاوكات خاڵی لاوازی سوپای ئیسرائیلیش ئاشكرا دەكات.

پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ دووشەم هەشتی تەمووز بڵاوی كردووەتەوە، یائیر لاپید كە سەرۆكی ئۆپۆزسیۆنی حكوومەتی ئیسرائیلە و قسەی بۆ ئێزگەی سوپای وڵاتەكەی كردووە، ئاماژەی داوە كە گرنگە ئەو جەنگە رابگیرێت و دانوستان لەبارەی گەڕانەوەی بارمتە ئیسرائیلییەكان بكرێت كە لەلای بزووتنەوەی حەماسن. ئەوەشی گوت كە خاڵی لاازی سوپاكەمان ئەوەیە پشت بە هێزی یەدەگ دەبەستێت، ئەو هێزەیش بۆ جەنگی لەو شێوەیە ئامادە نییە.

لاپید زیاتر گوتی، پێویستە بە زووترین كات ئەو جەنگە رابوەستێت و دانوستان بۆ گەڕانەوەی بارمتە ئیسرائیلییەكان بۆ وڵاتەكەیان بكرێت. گوتی من هەمیشە دژی جەنگە درێژخانەكان بووم، چونكە سوپاكەمان پشت بە هێزی یەدەگ دەبەستێت كە ئەو هێزەیش بۆ جەنگی لەو شێوەیە ئامادە نییە، ئەوەیش خاڵی لاوازی سوپاكەمانە.

یەكشەمی رابردوویش بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، ئەو مەرجانەی ئاشكرا كرد كە لە دانوستان دایناوە. نووسینگەی نەتەنیاهۆ بڵاوی كردەوە، هەر رێككەوتنێك بكرێ، دەبێ شەڕ بەردەوام بێ تا ئیسرائیل بە سەرجەم ئامانجەكانی دەگات.

ئەوەشی گوت كە رێككەوتنەكە بەشێوەیەك بێت، رێ لەوە بگرێ چەك و كەلوپەلی سەربازی لە سنووری غەزە و میسرەوە بگەنە حەماس، هاوكات رێ نەدرێ هەزاران چەكداری فەلەستینی بگەڕێنەوە بۆ باكوری غەزە. بۆ رێككەوتنەكەیش ئیسرائیل لە هەوڵی ئەوەدایە زۆرترین بارمتە بۆ وڵاتەكەیان بگەڕێنێتەوە.

لە حەوتی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو بە دەستپێشخەریی حەماس، جەنگی غەزە دەستی پێ كرد و لە رۆژی یەكەمی جەنگدا سەرووی هەزار و 200 ئیسرائیلی گیانیان لە دەست دا و سەرووی 200 كەسی تر بە بارمتە گیران. ئەو رووداوە بە رووداوێكی كارەساتبار بۆ جووەكان لەوەتەی رووداوی هۆڵۆكاستەوە هەژمار كرا، بۆیە پەرچەكرداری توندی لێ كەوتەوە.

لەو كاتەوە سوپای ئیسرائیل لە ئاسمان و زەوییەوە غەزە بۆردمان دەكات كە بەهۆیەوە شارەكە بە تەواوی وێران بووە و دانیشتووانی شارەكە جگە لەوەی كە دەیان هەزاریان لێ كوژراوە، لە ژیانێكی زۆر سەختدا دەژین. دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی فەلەستینیش، باس لە كوژرانی زیاتر لە 36 هەزار فەلەستینی دەكات و زیاتر لە 80 هەزار كەسیش بریندار بوون.

لەلایەكی ترەوە بەپێی دوای ئاماری ئیسرائیل نزیكەی هەزار و 500 كەس كوژراون. زۆربەی قوربانییەكانی ئیسرائیل پێوەندی بە یەكەم رۆژی هێرشەكەی حەماس هەیە كە بەهۆیەوە هەزار و 200 كەس كوژران و زۆربەیان خەڵكی سڤیل بوون، لەگەڵ ئەمەدا زیاتر لە 200 ئیسرائیلی لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیران و لەو كاتەوە تەنیا 81 بارمتەیان ئازاد كراون.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د